جیاکردنەوەی دەنگدانی تایبەت دەستیپێکرد

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق ئەمڕۆ ٢١ کانونی یەکەم دەستیکرد بە جیاکردنەوەی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

جیاکردنەوەی ئەو دەنگانە لە کاتێکدایە کە یەکێتی و پارتی چاوێکی زۆریان لەسەر ئەوەیە کە لە رێگای دەنگدانی تایبەتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە دەنگی هێزەکانی پێشمەرگەی تێدایە، ژمارەی کۆرسییەکانی لە کەرکوک و موسڵ زیاد کات.

لەم نێوەدا لە شاری سلێمانی جیاکردنەوەی دەستی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد، و لەم بارەیەوە 
ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی سەربەخۆی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دوای تەوابوونی دەنگدان دەبوایە بەشێوەی ئۆنلاین دەنگەکان بنێردرایە بۆ ئۆفیسی نیشتیمانی، بەڵام بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە نەتوانرا ئەنجامبدرێت، دواتر لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیاران بڕیاردرا لە ناوەندی وردبینی ژماردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان ئەنجامبدرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، جیاکردنەوەی دەستی دەنگەکان لە ٥٥ وێستەگەی پارێزگای سلێمانی تا کاتژمێر ٦ ئێوارە بەردەوامدەبێت، ئەگەر نەتوانرا تەواوبکرێت ئەوا لە ڕۆژانی ئایندە پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان تەواو دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە دەنگدانی تایبەت ٪٩١ ئەو ڕێژەیەی مافی دەنگدانیان هەبوو بەشدارییان کرد، هاوکات ئەمڕۆ هەوڵدەدرێت بە ڕێکاری گونجاو پڕۆسەی جیاکردنەوەی دەنگەکان لەلایەن هەشت تیمەوە ئەنجامبدرێت.

دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ڕۆژی ١٦ی مانگ ئەنجامدرا، زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە عێراق، هاوکات ٢٧ هەزار و ٤٠٢ کەس لە شاری سلێمانی مافی دەنگدانیان هەبوو، کە لەو ڕێژەیە زیاتر لە ٢١ هەزار کەس لە دەنگدانی تایبەت دەنگی داوە.



AM:11:27:21/12/2023