دادگای فیدراڵی دەربارەی سکاڵاکانی مووچەخۆرانی هەرێم کۆدەبێتەوە

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵا کۆدەبێتەوە کە دەربارەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان تۆماراکراون.

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی، ڕۆژی یەکشەممە یەکەم دانیشتنی دادگا دەربارەی سکاڵایەک بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن چوار فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە, لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگا ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم پابەند بکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و گێڕانەوەی مافەکانیان.

ھەمان ڕۆژ دادگای فیدراڵی بۆ جاری دووەم تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن نۆ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە.

سکاڵاکارەکان، داوایان لە دادگای فیدڕاڵی کردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بکات یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەک خۆی جێبەجێ بکات بەتایبەت ماددەکانی (٦ و ٧ و ٨ و ٩) و بڕیاری ڕاگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.


PM:01:41:22/12/2023