شەوی رابردوو ٢٢ ی کانوونی یەکەم رووداوی تەقەکردنێک لە کەرکوک روودەدات، دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە هەوڵی تیرۆرکردنی د. ئەحمەد کەرکوکی کاندیدی سەرکەوتووی یەکێتی دراوە، بەڵام پۆلیس کەرکوک روونکردنەوە دەدات و ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە.
لە رونكردنەوەكەدا فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك هاتووە " ئەو هەواڵەی باس لە هەوڵی تیرۆری یەكێك لە كاندیدە دەرچووەكانی كەركوك دەكات دوورە لە راستیەوەو ئەو ئۆتۆمبێلەی گوللەی بەركەوتووە هی خۆی نەبووەو هی هاوڕێیەكی بووە".
پۆلیسی کەرکوک داوا لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكات، خۆیان بە دوور بگرن لەو جۆرە هەواڵە ناڕاستانە.
ئەحمەد کەرکوکی لە پۆستێکدا کە نیوە شەوی رابردوو لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردۆتەوە دەڵێت" دۆستان و خۆشەویستان من سەلامەتم سوپاس بۆ خوا، ئۆتۆمبێلی کاک دیلانی هاوڕێم گوللەی بەرکەوتووە خۆشبەختانە هیچمان لەئۆتۆمبێلەکەدا نەبووین، سوپاس بۆ ئەحواڵ پرسین و خەمخۆریتان".