رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی: لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خراپدایە

رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، "لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دۆخی سیاسی هەرێم چوە قۆناغێكی خراپەوە، بەڵام ئێستا گفتوگۆی نێوان یەكێتی و پارتی و لایەنەكانی دیكە ئەرێنین و سەقامگیری سیاسی تا رادەیەك ئاسایی بوەتەوە". 

ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، عیرفان عەبدولعەزیز رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:"لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی خراپدایە، سەكۆی پەرلەمان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كۆدەكردەووە، بەڵام ئێستا ئەو سەكۆیە بوونی نەماوە و لە ئێستادا تا رادەیەك پەیوەندییەكی باش و دانیشتن و گفتوگۆی ئەرێنی لە نێوان یەكێتی و پارتی هەیە، ئەوەش ئاماژەیەكی ئەرێنییە و ماوەی مانگێكە دۆخی سیاسی هەرێم ئارامە". 

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا گفتووگۆی باش لە نێوان لایەنە سیاسییەكان هەیە، تا ئێستا نازانن كە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت یان نا، بەڵام ئەگەر بكرێت هەرێمی كوردستان لە زۆربەی قەیرانە یاساییەكان رزگاری دەبێت. 

رابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی دەڵێت:"بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكلایی بكرێتەوە، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵین لە بارەی یاسای هەڵبژاردنی هەرێم، پرسی یەكدەنگی كورد زۆر گرنگە، كوردیش پێویستە هاوشێوەی لایەنە فەڵەستینییەكان یەكدەنگ بن و بەرامبەر دوژمنەكانیان بوەستن، لایەنەكان چی عەلمانی بن یان ئیسلامی پێویستە یەك دەنگ بن". 





PM:09:52:26/12/2023