زانیاری نوێ له‌باره‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ی دژه‌ تیرۆری عێراق ئاشكراده‌كرێت

لیوا روكن كه‌ریم ته‌میمی سه‌رۆكی ده‌زگای دژه‌ تیرۆری عێراق، میكانیزمی وه‌رگرتنی ئه‌لیكترۆنی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ رونكرده‌وه‌ كه‌ داواكاریان بۆ دامه‌زراندن له‌ ده‌زگاكه‌یان پێشكه‌ش كردوه‌ و راشیگه‌یاند، "له‌ كاتژمێره‌كانی سه‌ره‌تای كاراكردنی لینكی پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕم هه‌شت ملیۆن هاوڵاتی داواكارییان بۆ دامه‌زراندن وه‌كو سه‌رباز له‌ دژه‌ تیرۆر پێشكه‌شكردوه‌".

لیوا روكن كه‌ریم ته‌میمی  له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ده‌رفه‌تی پێشكه‌شكردنی ئه‌لیكترۆنی له‌سه‌ر پلاتفۆڕمه‌كه‌یان وه‌ك سه‌رباز بۆ هه‌مو هاوڵاتیانی عێراق له‌به‌رده‌ستدایه‌، پلاتفۆرمه‌كه‌ش كراوه‌یه‌ و به‌وردیش به‌دواداچون بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ین".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ده‌رفه‌ته‌كان بۆ هه‌موو هاوڵاتیان یه‌كسانن و ده‌رفه‌تی تاكه‌كه‌سی نییه‌، پێشكه‌شكردنی داواكاریه‌كانیش په‌یوه‌ستن به‌و مه‌رجانه‌ی كه‌ دانراون".

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، "هه‌موو كه‌سێك پشكنینی جه‌سته‌یی بۆ ده‌كرێت و سه‌ركه‌وتن له‌ تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌رفه‌تی قبوڵكردن ده‌ڕه‌خسێنێت، باسكردنیش له‌سه‌ر پێدانی پاره‌ له‌ به‌رامبه‌ر داواكاری بۆ تۆماركردنی فۆڕم هه‌ڵه‌یه‌ و به‌هیچ جۆرێك قبوڵ ناكرێت نوسینگه‌ و ناوه‌نده‌كان پاره‌ له‌به‌رامبه‌ر پڕكردنه‌وه‌ی فۆڕم له‌ هاوڵاتیان وه‌ربگرن".




PM:03:11:27/12/2023