شارەزایەکی کەشناسی کاتی دەستپێکردنەوەی بارانبارین رادەگەیەنرێت

شارەزایەکی بواری کەشناسی کاتی دەستپێکردنەوەی بارانبارینی لە ناوچەکەدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت" تا ٣ی ئەم مانگە باران نابارێت و پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە".

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی ئەمڕۆ هەینی لە رێگەی راگەیەندراوێکدا رایگەیاند" لە ئەنجامی بەردەوامی کاریگەری بەرزەپاڵەپەستۆی باکور کەشێکی سەقامگیر و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە ناوچەکانمان بەردەوامی ھەیە و شەپۆلێکی بەھێزی بارانبارین و تەرزەش ناوچەکانی باکوری سعودیە گرتەوە کە تا رۆژانی داھاتووش لەو ناوچانەدا بەردەوامی ئەبێت ، بەگشتی تا رێکەوتی ٣ ی مانگی داھاتووی ٢٠٢٤ کەش بەم شێوەیە لەھەرێمی کوردستان جێگیرەبێت و پلەکانی گەرماش بەبەرزی ئەمێنیتەوە".

دەشڵێت"  لە ٣ی مانگەوە کەمێک نزمبوونەوە بەسەر پلەکانی گەرمادا دێتەوە لەئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست بۆ سەر دەریای سوور و ناوچەکانی باکوری سعودیە و باشوری عێراق و جارێکی دیکە لەو ناوچانەدا باران دەستپێدەکاتەوە بەڵام پێشبینی ناکرێت کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان و باکوری ناوچەکە باش بێت بۆیە ئەم شەپۆلەش لەسەر ناوچەکانمان تەنھا بەھەوری بێباران یان نمە باران کاریگەری ئەبێت و لاواز ئەبێت". 

ئەم شارەزایەی کەشناسی وتیشی" ئەگەر گۆڕانکاری ڕوونەدات و ماوەی وشکی زیاتر درێژ نەبێتەوە لە دوای ٨ی مانگی داھاتوو ماوەی تەری و شەپۆلەکانی بارانبارین بەڕووی ناوچەکانمان دەستپێدەکاتەوە ".




PM:06:14:29/12/2023