لە هەفتەی رابردوودا رۆژانە سلێمانی ٦ کاتژمێر و هەولێر ١٠ کاتژمێر کارەبای پێدراوە

‌وێنەی کۆبوونەوەی وەزارەتی کارەبا لەگەڵ پارێزگارەکان و ئیدارە سەربەخۆکان


هەفتەی رابردوو بەپێی بە دواداچوونەکانی " سپی " پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە و راپەرین شەو و رۆژی تەنها ٦ کاتژمێر کارەبای پێدراوە، بەڵام هەر لەو هەفتەیەدا پارێزگای هەولێر شەو و رۆژی ١٠ کاتژمێر کارەبای نیشتمانی پێدراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە مانگی رابردوو ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند" لە دابەشکردنی کارەبادا هەولێر ستەمی لێدەکرێت". وەزارەتی کارەباش روونکردنەوەی خۆی هەیە.

بەپێی بەدواداچوونی ماڵپەڕی " سپی " زۆربەی رۆژەکانی هەفتەی رابردوو پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین و هەموو سنوری پارێزگای سلێمانی لە ٢٤ کاتژمێردا تەنها ( ٦ ) کاتژمێر کارەبای نیشتمانی پێدراوە، لەهەمان کاتدا پارێزگای هەولێر لە ٢٤ کاتژمێردا ١٠ کاتژمێر کارەبای پێدراوە.

ئومێد ئەحمەد وتەبێژی کارەبای سلێمانی بە ماڵپەڕی ( سپی ) راگەیاند " ئەو پێدانی کارەبایە حاڵەتێکی سروشتیە لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان؛ پلەکانی گەرما لە هەولێر لە چاو سلێمانی بەرزترە، هەمیشە زستان کارەبای هەولێر باشترە لە سلێمانی و دهۆک لە هاوینا بە پێچەوانەوە".

لە بارەی هۆکاری دووەمیان ، ئومێد ئەحمەد دەڵێت " لە ئێستادا قەرەبووی هەولێر دەکرێتەوە بەو مێگاواتەی لە مانگەکانی تر بۆی وەرنەگیرابوو، کۆتایی ساڵە پێویستە ڕێژەکان تحقیق ببن".

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا نایشارێتەوە کە لەماوەی مانگی ١٢ دا کارەبای هەولێر رۆژانە ٣١ خوولەک زیاتر بووە لە سلێمانی و دهۆک و، دەڵێت " تێکڕای ٢٦ ڕۆژی ئەم مانگە هەولێر ٣١ خوولەک کارەبای زیاترە لە سلێمانی و دهۆک".

رۆژی ٢٤ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ وەزارەتی کارەبا لەگەڵ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم کۆبووەو کە هەڤاڵ ئەبوبەکر و ئومێد خۆشناویش بەشدربوون، وەزارەت رایانگەیاند" پرسی تێستکردن و دابەشکردنەوەی کارەبای پارێزگاکان دواخرا تا بەهاری ساڵی داهاتوو".

لە ٢٣ تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" پێدانی کارەبا لە شارەکانی هەرێم جیاوازییان هەیە و، بەراورد بە شارەکانی دیکە هەولێر کارەبای کەمتری پێدەدرێت و بەوەش ستەم لەو شارە کراوە".


هەروەها داوای پێداچوونەوەی بە کارەبای هەولێردا کرد و وتی " لە رووی پێدانی کارەبای نیشتیمانییەوە هەولێر ستەمی لێ کراوە و کارەبای کەمتری پێدەدرێت".

وەزارەتی کارەبا چەند ساڵێکە دابەشکردنی کارەبای پارێزگاکانی هەرێم بەمشێوە دابەشکردووە: پارێزگای هەولێر رێژەکەی ٤٢% کارەبای هەرێمی پێدەدرێت، سلێمانی بە هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانەوە رێژەی ٣٥% کارەبای هەرێمی پێدەدرێت. هەرچی پارێزگای دهۆکە رێژەی لە ٢٤%کارەبای پێدەدرێت.

هەرچەندە سەرژمێرێکی تەواو لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا نییە، بەلآم بەپێی ئامارەکانی پسووڵەی خۆراک و وەزارەتی پالاندانان، دانیشتووی پارێزگای هەولێر، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پسووڵەی خۆراک ١ ملیۆن و ٩٤٥ هەزار هاوڵاتییە، پارێزگای سلێمانی بە هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیانەوە ٢ ملیۆن و ٥٤٦ هەزار هاوڵاتییە، هەرچی پارێزگای دهۆکە دانیشتوانەکەی ١ ملیۆن و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار هاوڵاتییە.



PM:09:52:29/12/2023