لە بارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی درۆن لە گەڕەکی قەڵای نوێی هەولێر، دژەتیرۆری کوردستان ئاشکرای دەکات کە درۆن نەبووەو " نارنجۆکە".
دژەتیرۆر ئەمشەو ٣٠ ی کانوونی یەکەم راگەیاندنێكی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە" ئەمشەو شەممە ٣٠ ی کانوونی یەکەم، دەنگی تەقینەوەیەک لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە پارێزگای هەولێر بیسترا و لە چەند دەزگایەکی میدیایی وا بڵاوکرایەوە کە لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کراوەتە سەر هەولێر".
دژەتیرۆر دەڵێت" لای خۆمانەوە رایدەگەیێنین ئەم هەواڵە بێ بنەما و ناڕاستە و ئەو دەنگەشی کە بیستراوە تەقینەوەی نارنجۆکێک بووە و دەزگا ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لەو بارەیەوە".
میدیاکان ئەمشەو بڵاویانکردەوە کە لەرێگای درۆنەوە هێرشکراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە هەولێر و یەکێک لەو درۆنانە خراوەتە خوارەوە، بەڵام دژەتیرۆر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە نارنجۆکەو تەقێنراوەتەوە، ئاماژەشی بۆ ئەوە نەکردووە کە کام لایەن ئەو کارەی کردووە.