"وتەکانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم تۆمەتی جۆراوجۆر و نابەرپرسانەی لە خۆگرتووە"

وتەبێژی حکومەتی‌ عێراق وه‌ڵامی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ وتەبێژی حکومەتی هەرێم ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت" ئەو جۆرە لێدوانانە ورد نیین و تۆمەتی جۆراوجۆری ناواقیعی‌ و نابەرپرسانەی لە خۆگرتبوو". 

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" حکومەتی عێراق سەرسوڕمانی خۆی نیشان دەدات بەو لێدوانەی وتەبێژی حکومەتی هەرێم کە تۆمەتی نابەرپرسانە و نا واقعی تێدایە، لەگەڵ تێکەڵکردنی زانیاری چەواشەکارانە و درۆ، بە تایبەت لە پرسی برسیکردنی هاوڵاتیانی هەرێم و هاوڵاتیانی هەرێم ئاگاداری ئەو ژمارانەن کە لە بەغدادەوە رەوانەی هەرێم کراون". 

وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕاشیگەیاندووە" ئەو قسانەی حکومەتی هەرێم وردبینی تێدایە نیە و دەبێتە هۆی ئاڵۆزبوونی دۆخی سیاسی و حکومی و تێکدانی دۆخی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی". 

جەختیشیكردەوە، یەکێک لە ئەرکەکانی حکومەتی فیدڕاڵ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە سەرتاسەری عێراق و جیاوازی لە نێوان هاوڵاتیانیدا ناکات و حکومەت پێشتر کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر و لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو هێرشەی ئەم دواییە کردۆتەوە بۆ ئاشکراکردنی بارودۆخەکەی، ئەم جۆرە لێدوانانە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکە ئاڵۆزتر دەکەن کە بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێم گیراونەتەبەر.

وتەبێژی حكومەتی عێراق دەشڵێت" حکومەت هەڵوێستی خۆی نوێ دەکاتەوە بە ڕەتکردنەوەی ئەو هێرشانەی، کە هەر زەوییەکی عێراقی دەکەنە ئامانج، جا چ لە ناوچەکە بێت یان باقی پارێزگاکان و سوورن لەسەر ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی پەیوەندییان پێوە هەیە بۆ ئەوەی ڕادەستی دەسەڵاتی دادوەری بکەن بۆ ئەوەی سزای دادپەروەرانەیان وەربگرن". 

ئەمڕۆ پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند" شەوی رابردوو بە دوو درۆنی بۆمبرێژکراو هێرشکرایە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوری پیرمام-هەولێر، حکومەتی فیدراڵ بە بەرپرس دەزانین بەرامبەر ئەم هێرشە ترسنۆکانەیە، چونکە ئەم گروپە لە یاسا دەرچوانە لە لایەن حکومەتی فیدراڵی بودجە و موچەیان پێ دەدرێت و چەکدار دەکرێن و بە بەرچاوی حکومەتی عێراقەوە هاتوچۆ دەکەن و چەک و موشەک و درۆن دەگوازنەوە و هێرشی تیرۆریستی دەکەنە سەر دامودەزگا فەرمی و سەربازییەکانی هەرێم". 


PM:07:03:31/12/2023