هەسەدە ئاماری هێرشەكانی توركیای بۆسەر ڕۆژئاوای كوردستان بڵاوکردەوە

هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) ئاماری هێرشەكانی دەوڵەتی توركیای بۆسەر ناوچەكانی بەڕێوبەری خۆسەر لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا بڵاوکردەوە و دەڵێت" توركیا ٧٩٨ جار ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردووەتە ئامانج". 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات - هەسەدە ئەمڕۆ دووشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە ساڵی ٢٠٢٣دا توركیا ٧٩٨ جار ناوچەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی كردوەتە ئامانج كە ٥٧٨ جار بە چەكی قورس، ١٠٣ جار بە فڕۆكەی سەربازی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و خۆكوژی، ٢٥ جار بە چەكی ئاسایی و دوو جاریش بە مین و تەقەمەنی هێرشەكان ئەنجامدراون". 

ئەوەش هاتووە" هەسەدە ١٤٣ ئۆپەراسیۆنی دژ بە توركیا و میلیشیا چەكدارەكانی توركیا وەڵامی داوەتەوە و ئەو ئۆپەراسیۆنانەش بوونەتە هۆی كوشتنی ٢٣٧ كەس كە ٥٢ سەربازی توركیایان تێدابووە، ئەوانی تریش لە میلیشیا چەكدارەكانی توركیا بوون، جگە لە برینداربوونی ٢٩٥ كەس و لە نێویاندا ٩١ سەربازی توركیا، هەروەها تێكشكاندنی دەیان ئۆتۆمبێل و شوێنی سەربازی". 

هەسەدە رایگەیاندووە" ناوچەكانمان لەلایەن شانەكانی ڕژێمی سوریاوە هێرشیانكراوەتە سەر، ئۆپەراسیۆنەكانی دژ بە هێزە سەربازییەكان بووەتە هۆی ئەوەی ١٧٣ شەڕەڤان لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی توركیا و شانەكانی ڕژێمی سوریا شەهیدببن، هەروەها ٣٩ هاوڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە كە ١١ یان منداڵن، هاوكات ژمارەی بریندارەكان گەیشتووەتە ٩٨ كەس كە ١٥ یان سەربازن". 


PM:10:41:01/01/2024