دەست بەسەر ٤٥٠ بڕوانامەی ساختە لە دامودەزگاکانی عێراق دەگیرێت

لە ساڵی ٢٠٢٣دا دەست بەسەر ٤٥٠ بڕوانامەی ساختە لە دامودەزگا جیاوازەکانی حکومەتی عێراق گیراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئیبراهیم جبووری، وەزیری پەروەردەی عێراق رایگەیاند" لە ساڵی ٢٠٢٣ دا وەزارەتی پەروەردە توانیویەتی دەست بەسەر ٤٥٠ بڕوانامەی ساختە لە دامودەزگا جیاوازەکانی حکومەتی عێراق بگرێت".

"لە رێگای لیژنە شارەزاکان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان، راپۆرتی لێکۆڵینەوە لەسەر ساختەکاری تەواوکراوە و بڕیاریان لەسەرداوە، لە ئێستا گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی ساختەکردنی بڕوانامەکان گیراوەتەبەر". ( ئیبراهیم جبووری وایوت).

وەزیری پەروەردەی عێراق، دەشڵێت" دەبێت ئەم دیاردەیە کە کاریگەری لەسەر خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی وڵات کردووە کەمبکرێتەوە، لەپێناو گرنگی پاراستنی بڕوانامەی ئەکادیمی و پێگەی کۆمەڵایەتی".

ئاماژەی بەوەشداوە بەردەوام دەبین بۆ نەهێشتنی بڕوانامەی ساختە لە عێراقدا.



PM:06:57:02/01/2024