نەرمین مەعروف: هەتا یاسای بودجە هەموار نەکرێتەوە عێراق ٧٠٠ ملیارەکە بۆ هەرێم دەنێرێت

ئەندامێکی لێژنەی دارایی ئاماژە بەوە دەدات، هەتا یاسای بودجە هەموار نەکرێتەوە، پێدەچێت ناردنی قەرز لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ حکومەتی هەرێم بەردەوام بێت، کە ٧٠٠ ملیار دیناری مانگانەیە، و دەشڵێت" پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێی سیاسی و خەرجییەکانی دیکە جیابکرێتەوە".
 
نەرمین مەعروف ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیایی فەرمی یەکێتی راگەیاند" چاوەڕوان دەکرێت هەتا یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە حکومەتی عیراق مانگانە بڕێک پارە بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت، بێگومان لە ئێستاشدا کە یاسای بودجە هەموار نەکراوەتەوە چاوەڕوان دەکرێت ناردنی پارە لە عیراقەوە بۆ هەرێم بەردەوام بێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر حکومەتی هەرێم بەڕەسمی داوای لە حکومەتی عیراق کردووە بۆ ماوەی ٦ مانگ قەرزی پێبدرێت، بەڵام تەنها بۆ ماوەی ٣ مانگ بڕیاری لێدراو، ٣ مانگەکەی دیکە بەڕەسمی لەلایەن حکومەتی عیراقەوە رەزامەندی لەسەر نەدراوە".

نەرمین مەعروف سەبارەت بە کاتی هەمواری یاسای بودجە جەختی لەوەکردەوە کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە و خوێندنەوەی بۆ بکرێت، بەڵام هەتا خوێندنەوەی یەکەم و دووەم و سێیەمی بۆ دەکرێت، پێدەچێت چەند هەفتەیەک بخایەنێت، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لەسەرەتای مانگی ٢ دا یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە.
 
" پێویستە مووچەی فەرمانبەران جیابکرێتەوە لە خەرجییەکانی دیکە، لە ئێستاشدا بۆچونێک هەیە کەدەیانەوێت مووچەی فەرمانبەرانی هەموو عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بخرێتە چوارچێوەی خەرجی (حاکیمە)، بەڵام ئەم پێشنیارە، پێشنیاری کۆتایی نییە و هەردوو حکومەتیش پێشنیاری خۆیانیان هەیە و دەقێکی جێگیر نییە کەهەردوو حکومەت لەسەری رێککەوتبن، بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەی مووچەی فەرمانبەران بکرێت".( ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی وایوت).
 
نەرمین مەعروف راشیگەیاند" ماددەی ١١ بەتایبەت و هەموو ئەو ماددانەی تر کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە خاڵی داواکاری حکومەتی هەرێم و فراکسیۆنە کوردستانییەکانیشە، بۆ هەموارکردنەوە، چونکە ماددەی ١١ کەلەساڵی ٢٠١٥ ەوە خراوەتە ناو یاسای بودجەوە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بەستۆتەوە بە پابەندییەکانی حکومەتی هەرێم، بەستنەوەی پشکی هەرێم بە خەرجی کردارییەوە، زیاتر روویەکی سیاسی هەیە و پێویستە ئەو ماددەیە هەموار بکرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق لەبارەی چۆنییەتی هەمواری ماددەکان رێکبکەون، کەلە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێم و رەزامەندی حوکمەتی عیراقی هەبێت، بەڵام هەندێک ماددە هەیە کەلە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمە و لەیاسای بودجەدا هەیە هیچ خاڵێکی ناکۆکی لەنێوان هەردوو حکومەتدا نییە و پێویست بە هەموار ناکات".

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەوەی کە ئایا هەمواری یاسای بودجە حکومەتی هەرێم زیاتر پابەنددەکات وتی" لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا خودی یاساکە پابەندییەکی زۆری بۆسەر حکومەتی هەرێم هەیە، وەک رادەستکردنی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی نانەوتی و هتد...، بەڵام دەکرێت ئەو ماددانەی هەموار دەکرێنەوە رێککەوتنی سیاسی لەسەر بکرێت و لەبەرژەوەندی هەردوو حکومەت بێت، بەڵام لە راستیدا ئەوەی ئێمە داوای دەکەین، لەهەمواری یاسای بودجەدا جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمە لە پابەندییەکانی حکومەتی هەرێم، لەگەڵ ئەوەشدا دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان خاڵێکی گرنگە و پێویستی بەرێککەوتنی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە".



PM:07:54:02/01/2024