ئەو دکتۆرە کوردەی رەگەزی خۆی لە نێرەوە بۆ مێ گۆڕی پەیامێک بڵاودەکاتەوە

 دکتۆر لانە کرمانج کە پێشتر بە د. زمناکۆ خەسرۆ ناسرابوو، وتارێکی دوورودرێژی لەبارەی گۆڕینی رەگەزی خۆی بڵاوکردووەوەتەوە و دەڵێت" ئەگەرچی لەم ماوەیەدا رووبەڕووی فشاری زۆر بوومەتەوە، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی نەمانی خۆشبەختی لە ژیانیدا".

ئەمڕۆ چوارشەممە، د. لانە کرمانج لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک وتارێکی لەبارەی ئەو گۆڕانکارییانە و لێکەوتە خێزانییەکانی لەژێر ناونیشانی "پەیامێك رووەو کۆمەڵگەی کوردی" بڵاوکردەوە..
 
لەبارەی هۆکاری رەگەزگۆڕینەکەیەوە، د. لانە دەڵێت" من سەردانی سێ پزیشکی خاوەن شەهادەی بەرز و سێ پسپۆڕی دیکەی بوارەکەم کرد، هەرچی پشکنینی پێویست هەیە کردم، پێیان وتم کە سیستمی هۆڕمۆنی جەستەم ناڕێکە و دەبێ رێکبخرێتەوە، ئەگەر وام نەکردایە ئەگەری مردنم ٥٠% بوو. من کاتێک ئەو بڕیارەم دا، بڕیاری ژیانم هەڵبژارد بەرانبەر بە مەرگ. بڕیاری ئەوەم دا بۆ منداڵەکانم بمێنمەوە و گەورەیان بکەم، نەوەك بمرم".
 
پاش راگەیاندنی رەگەزگۆڕینەکە، د. شنە خالید هاوژینی پێشووی د. زمناکۆی جاران و د. لانەی ئێستا، لە پۆستێکی هەژمارەکەی خۆیدا لە فەیسبووک باسی لە ژیانی ئەو چەند ساڵەی رابردوویان کردبوو.
 
لەگەڵ گوتارەکەی ئەمڕۆیدا، د. لانە وێنەیەکی خۆی و سێ منداڵەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی کە ئەوە بەهاری ساڵی ٢٠٢٣، بەوەش دەردەکەوێت پرۆسەی رەگەزگۆڕینەکەی زۆر پێشتر لە کاتی ئاشکراکردنەکەی کردووە.

دەقی پەیامەکی د. لانە کرمانج( زمناکۆی پێشوو):

پەیامێك رووەو کۆمەڵگەی کوردی
 
بەرکوڵ
 
پێموایە پێویست دەکات ئەم پەیامە ڕووەوە ئەو کۆمەڵگەیە بنێرم کە لە ناخی ناخمەوە خۆشم دەوێت و بەشێکی سەرەکیی ناسنامە و شوناسی منە و هەموو ڕۆژێك لە خەمیدام و لەگەڵ خەمەکانیدا دەژیم، بەڵام ئەم ڕۆژانە شەپۆلێکی گەورە و توندی ڕقوکینەی ڕووبەڕوو کردوومەتەوە.
 
ڕووی دەمی ئەم پەیامەی من لە هەر هەموو ئەو کەسانەیە کە ئەم ڕۆژانە تەنها بە کۆمێنتێکیش بێت ڕای خۆیان داوە لەسەر ئەو بڕیارەی من کە ناسنامەی خۆم لەناو کۆمەڵگەدا ڕاست بکەمەوە و ئیتر ببمە ئەو ژنەی کە لە جەوهەر و زگماك و سروشتی خەلقبوونمدا هەبووە و هەیە.
 
چاوەڕوانیم هەیە هەموو ئەو دەزگا میدیایی و ماڵپەڕ و سایتانە کە لەم ڕۆژانە ڕێگەیان بە بڵاوکردنەوەی ڕای خەڵکانی تر و کۆمێنتی خەڵك لەسەر دۆزەکە داوە، وەك ئەرکێکی ئەخلاقیی پیشەیی خۆیان، ئەم پەیامەی منیش وەك خۆی بڵاو بکەنەوە، لۆ ئەوەی قسەی منیش بگات بەوانەی کە ڕەخنەیان هەیە و پێیانوایە ڕاکانیان ڕاستە. هەر هیچ نا وەك ڕێزێك لۆ ئەو خوێنەر و سەردانکەری پەیچ و پرۆفایلانەیان چونکە ئەو خەڵکەش پێوستیان بەوەیە بزانن لەبەرچی من پێموایە ئەوان بە هەڵەدا چوون. ئەوە ئەوانن کە پێویستیان بەوەیە زانیاریی زیادتر لەسەر سروشتی لەش و دەروونی ئینسان بەدەست بهێنن. 
 
هەر میدیایەك ڕێزی بۆ پیشەکەی خۆی هەبێت، دەزانێت کە ئەرکییەتی دەنگی منیش بگەیەنێت. نابێت تەنها لەپێناو زۆرکردنی لایك و کلیك، یان لەپێناو تۆکمەکردنی ئەو ڕقەی خۆیان و خەڵك لە ئینسانی وەك من هەیانە، دۆز و پرسەکە تەنها وەك کارێکی سەرەڕۆییانە و غەریب و عەجیبی تاکە کەسێك پیشان بدەن، یان من وەك کەسێکی خۆپەرست و بێباك لە پەروەردەی منداڵ و گرنگیی خانەوادە و وەك کەسێکی فێڵبازی تەفرەدەر کە قەدری خۆشەوستیی نازانێت پێشان بدەن و باکیان بەوە نەبێت کە بەو کارە خوێنەر و لایککەرەکانیان چەواشە دەکەن.
 
بەرکوڵۆکە
 
ئەمن لەسەر بنەمای هۆشیاری و زانست و بیرکردنەوە بڕیار دەدەم. کە بڕیار دەدەم، گرنگیی بە کاردانەوەی جاهیل و بێڕێزان نادەم. بەڵام کاتەك گەیشتە ئەوەی دەست لۆ ژیانی منداڵەکانم ببەن، ناچار بووم ئەو ڕوونکردنەوەیە بدەم.
 
ناوەڕۆك
 
ئەگەرچی ئاسان نییە بۆم ئەو هەموو پەیامی ڕق و هەوڵی تێکشکاندنە بخوێنمەوە کە ڕووەو من دەنێردرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو چەند ڕۆژەدا هەندێکیانم بەرچاو کەوت. 
 
سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە لۆ من جێگەی سەرسوڕمان نەبوو و لۆم چاوەڕوانکراو بوو کە کۆمەڵگایەك، کە بەداخەوە هێشتا پەلێکی لەناو نەریتگەرایی (لەسەر بنەمای دابونەریت)ی سەدەکانی پێشوودا گیر بووە و پەلەکەی تریشی کەوتووەتە دەست ئێران و قەتەر و سعودیە و تورکیا و، لەپێناو قازانجی سیاسیی خۆیاندا و دژ بە کورد، ڕۆژ بە ڕۆژ ئیسلامیزە (مەبەستم ئیسلام و موسوڵمانییەتی نییە)ی زیادتر و زیادتری ژیانی کۆمەڵایەتیی خەڵکەکەی دەکەن، بۆم چاوەڕوانکراو بوو ئەو بڕیارەی من ئەوها ڕووبەڕووی ناڕەزایی و ڕقی توندی خەڵکەکە و تەنانەت ڕۆشنبیرانیشی ببێتەوە (پێم وایە یەك لە هۆکارەکانی گەورەکردنی کەیسەکەم بە پلانی میتی و دەسەڵاتی چەتەگەریی و میدیای سێبەرەکانیان بوو، چونکە ساڵانێکی زۆرە دژی ئەو چەتەگەرییە خەبات دەکەم و دەنووسم). بەڵام لە هەمان کاتدا، بۆ من جێگەی سەرسوڕمانێکی پۆزەتیڤ و دڵخۆشییەکی زۆریش بوو کە ژمارەیەکی گەورە، لە سەرانسەری جیهان و کوردستانەوە، لە خەڵکی ڕۆشنبیر و کراوە بەسەر دونیادا و لایەنگری مافی مرۆڤ و ڕێزدانەر بۆ مرۆڤ، پاڵپشتیی خۆیان دەربڕی و یەك شەپۆل لە تێگەیشتن و پاڵپشتیی و دەستخۆشانەی جورئەت و پیرۆزبایییان بە پەیامی تایبەت و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە ئاراستەی مندا ناردووە. هەزاران نامەی دەستخۆشی و پاڵپشتی و شانازیکردن بە منەوە بەدەستم گەیشتووە. بۆ ئەمە، بێسنوور سوپاسگوزارم و دڵخۆشم بەوەی کە کۆمەڵگەی ئێمە ئەو جۆرە ئینسانانەی بەو ژمارە زۆرەوە هەیە.
 
دەبینم خەڵکانێك ڕایەکی وایان نووسیوە کە دەڵێن گوایە شتی وا ڕاست نییە و وجودی نییە کە ئینسانێك بە بایۆلۆژیا و بە لەش، بە جەستە و مێشك، بە سێکس و شوناسی ڕەگەزی، لێك جیاواز بن.
 
بۆ ئەو بەڕێزانەی ئەم ڕایەیان هەیە ناچارم تەنها بە تۆنێکی ڕەقەوە پێیان بڵێم: بەڕێزان، ئەنگۆ بێ ئاگان لە دونیا و هیچ شارەزاییتان لەو دۆزەدا نییە کە قسەی تیدا دەکەن، کەچی هاتوون خۆتان وەك خەبیری بوارەکە پیشان دەدەن. ئەنگۆ لە هەمان کاتدا بێباکن لە ئازاری دەروونیی تاکەکان، کەچی هاتوون خۆتان وەک خەمخۆری خەڵك و کۆمەڵگە پیشان دەدەن. ڕاستی ئەوەیە کە ژمارەیەکی گەورە لە ئینسان هەن کە ئاوا ناسنامەی زاتی خۆیان و ڕەگەزی بایۆلۆژییان وێك نایەتەوە (هاو-وێنە نییە) و ڕۆژانە لە ئازار و موعاناتێکی گەورەدان و لە ترسی ڕق و سەرکۆنەی ئێوەدا، بۆ خۆیان بە تەنیا بەو ئازارەوە دەتلێنەوە. بۆیە تکایە واز لەوە بهێنە جەهل و نەبوونی زانیاریی خۆت وەك شارەزایی و وەك ئەخلاق بەسەر مندا بفرۆشیت. دروستتر و قازانجترە بۆ خۆت بچیت تۆزێك زیادتر بخوێنیتەوە و تۆزێك زیادتر فێر بیت. بڕۆ سەردانێکی پرۆفایلی فەیسبوکەکەی من بکە و لە ساڵی ڕابردوودا زانیاریی پسپۆڕییانەی زۆر ورد و بەڵگەی زانستییم خستۆتە بەردەستت. هەم لۆ ئەوەی زیادتر تێبگەیت و هەمیش ئیتر بڕیارە ئەخلاقییەکانت لەسەر پایەی زانستیی درووست بدەیت، تکایە سەردانی فەیسبوکەکەی من بکە و ئەو زانیارییە تازانە ببینە کە نە قوتابخانە و زانکۆیەکانتان و نە میدیایەکانیشتان دەوێرن پێتان بڵێن. من پسپۆڕی ئەو بوارەم و چەندان ساڵم بە دیار خوێندنی بایۆلۆژیای جەستەی ئینسان و دەروونی مرۆڤ بەسەر بردووە. ئەوەی کە ئەتۆ پیتوابێت لە من زیادتری لێ دەزانیت، کەللەڕەقیی کەسێکی بێئاگایە و هیچی تر.
 
دەربارەی هاوسەرگیریمەوە
 
دەبینم خەڵکانێکی دیکە کە هەر لە خۆیانەوە بەناو کەوتوون و هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی لۆ ئەوە دەکەن کە من ڕاستیی ناسنامەی خۆم بەیان کردووە؛ ئەوانەی کە دەڵێن کە ئەم کەسە کە ئەوها شوناسی ژنی هەبووە لە ناخی خۆیدا، بۆچی هاوسەرگیری کرد و بۆچی منداڵی دروست کرد. بۆ ئەوانە دەمەوێت بڵێم: ئازیزانم، ئەنگۆ کە تەواو نازانن نائارامیی ڕەگەزی و ناسنامە و شوناسی ڕەگەزی چلۆن گەشە دەکات و چۆن لە کەسێکەوە لۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، هەروەها؛ نازانن ئایا ئەمن چ خەباتێکم کردییە و چەند ئازارم چەشتییە لۆ سەرکوتکردنی هەستی ژنبوون لە خۆمدا، هەروەها؛ نازانن ئایا سەردەمانێك چ هەستێکی خۆشەویستیی و بەختەوەرییم لە ژیانی هاوبەش لەگەڵ هاوسەرەکەمدا هەبووە، هێشتا؛ نازانن کە ئەمنیش لە کۆمەڵگەیەکی پاشکەوتوو دەژیام و هیچ زانیارییەکی زانستیم لەسەر کەیسەکە نەبووە تا پێم نیشان بدا و ڕێنماییم بکا داخۆ هاوسەرگیری بکەم یانەکوو نا، باشترە قسە نەکەن نەك بێن خۆتان وەکوو کەسێکی بەڕەوشتتر لە من پیشان بدەن و، ئەمنیش وەکوو کەسێکی بێئیحساس و خەڵەتێنەر. هەرکەس ئێمەی ناسیبێت، یان تەنانەت ئەوانەشی کە تەنها لە دەلاقەی بەرتەسکی فەیسبووکەوە چاوێکی کەوتبێتە سەر ژیانی خێزانیی ئێمە، دەزانێت چەندان ساڵان و ڕۆژانی پڕ لە خۆشییمان هەبووە و، بە وجودی هاوسەری پێشووم و منداڵەکانم لە ژیانمدا، چی لەحەزاتێکی پڕ لە بەختەوەرییم هەبووە کە بە هیچ شتێك نایانگۆڕمەوە، تەنانەت بە هەزاران سەرزەنشتی و سەرکۆنەی بێئاگایانە و نەشارەزایانەی تۆش. ئەو ڕابردووەم بەشێکە لە شانازیم و نامەوێ بەخراپە قسەی لەسەر بکەم. ئاخر کاتی خۆی، بە بەرچاوی دۆست و دوژمن، قسەی خۆمم لەسەری کرد.
 
ئەوەی کە دوو هاوسەر، بە هەر هۆیەکەوە بێت، جیا دەبنەوە، هەمیشە کەم و زۆر بۆ هەردوو لا ئازاری هەیە و ڕۆح دەئێشێنێت. جیابوونەوەی من و هاوسەری پێشووشم حەتمەن هەر ئاوا بوو لۆ هەردوکمان. ئەگەر لە حاڵەتی زۆرینەی خەڵکدا هۆکاری جیابوونەوەکان لێدان و سەرکوتکردن و خراپ مامەڵەکردنی زۆرجار پیاوەکەیە بەرامبەر بە ژنەکە، لە حاڵەتی جیابوونەی ئێمەدا هۆکارەکەی ئەو جیاوازییە سروشتی و بایۆلۆژییە بووە کە من وەك ژنێك، سرووشتی جەستەم جیاواز دروست بوو یان خەڵق کراوم. ئەوەی کە ئەم واقیعە ئیجبارییە دەبێتە هۆی بڕیاری جیابوونەوەی دوو هاوسەر، ئەسڵەن خۆی ڕووداوێکی تراژیدی و غەمگینە و بڕیارێکی زۆر ئازاربەخشترە لۆ من و هاوسەری پێشووم. ئازارەکەی ئەگەر زیادتریش نەبێ ئەوا کەمتر نییە لەو جیابوونەوانەی کە ژنەکە یان پیاوەکە لێیدراوە و ڕق و تووڕەیی کەوتووەتە نێوان دوو کەسەکەوە. تۆ هیچ حیسابی ئەوە ناکەیت کە ئەو جیابوونەوەیە ئازارێکی قورس بووە بۆ من و هاوسەری پێشووم و دێیت بەشدار دەبیت لە قورسکردن و نوێکردنەوەی خەم و تراژیدیایەکە،  لەو ڕێگەیەوە کە دەتەوێت وێنایەکی وا دروست بکەیت کە گوایە کەسێك غەدری لێ کراوە و بەرامبەرەکەی غەدری کردووە. تۆ بەمە ئەوەندەی تر تراژیدیای خێزانییەکەی ئێمە نوێ دەکەیتەوە (ئاخر خۆشبەختانە ئێمە قۆناغی ئەو تڕاژیدیایەمان تێپەڕاندووە). من و هاوسەری پێشووم هەردوکمان لێمان قەوما و ناهارمۆنیەتی بایۆلۆژیا و ناسنامەی ڕەگەزیی من نەیهێشت ئەو ژیانە بەختەوەرە درێژە پێ بدەین کە هەمانبوو. هەردووکمان هەموو تەرکیزمان لەسەر ئەوەیە منداڵەکانمان بە باشترین شێوە پەروەردە و گەورە بکەین. ئەوەی کە ئەتۆ لە نەزانی و نەشارەزایییەوە دێیتە ناوەوە و وای پیشان دەدەیت کە من گوایە مۆڕاڵێکی نزم و خراپم مومارەسە کردووە، بەو کارەت هیچ ناکەیت کە جگە لەوەی بەناوی دڵسۆزیی و مۆڕاڵی بەرزەوە، هەوڵ دەدەیت تەشویش بخەیتە سەر ئەوەی کە من و هاوسەری پێشووم، لەو کەسە دەگمەنانەی کۆمەڵگەی کوردەواریین کە سەرکەوتوو بووین لە درووستکردنی خێزانێکی بەختەوەری پڕ لە ڕێز و خۆشەویستییدا (بەڵێ وەکوو شانازییەك دەیدەم بە ڕووتدا)، و بەپێچەوانەی زۆربەتانەوە، سەرکەوتوو بووین لە پەروەردەکردنی سێ منداڵی پڕ لە جوانیی و گەشەی موەفەق و سەرکەوتووانە لە ژیاندا. دەشمەوێ ئەوە بڵێم، هێشتا لەوە بەهێزترین لێبگەڕێین بێی لەو چێژە کەم کەیتەوە کە بەدیار گەورەبوونی منداڵەکانمانەوە وەریدەگرین.
 
نەدەبوو ئەو کارە بکەم
 
هەروەها دەبینم هەندێک ڕایان وایە کە نەدەبوو، لەبەر منداڵەکانم یان لەبەر هاوسەرەکەم، بڕیاری ڕاستکردنەوە و خۆبوونی خۆم لەناو کۆمەڵگەدا بدەم.
لێرەدا ناچارم جارێکی تر لەئاست ئەم کەسانەشدا بڵێم: ئێوە هیچ شارەزاییتان لە بوارەکەدا نییە. ئەنگۆ ئەو ئازارەتان نەچەشتووە کە ئەمن و کەسانی وەکوو من چەشتوویانە. بۆیە دەتوانن وەکوو چشتێکی ئاسان پیشانی بدەن. ئەنگۆ پێشنیار دەکەن ئەوەم وەك دڵسۆزی لۆ هاوسەری پێشووم و منداڵەکانم بکردایە و هەر وەکوو پیاوێك تەمسیل (نماییش)م بکردایە، بەڵام ئێوە ئەوە نازانن کە؛ یەکەم، هیچ دڵسۆزییەك نییە لەبۆ هاوسەرەکەت کە درۆی لەگەڵ بکەیت، ئەسڵەن ئەوە بێڕێزییە! دووەم، ئەنگۆ چوزانن کە ئایا جیابوونەوەی من و هاوسەرەکەم، جگە لە خەمی جیاوبوونەوەی دایك و باوك کە ڕۆژانە سەتان جار لە کۆمەڵگەی کوردیدا ڕوودەدات و کەس لە ئێوە قسەی لێ ناکەن، چوزانن ئایا جگە لەوە، هیچ کارکردێکی تری بۆ سەر پەروەردەی منداڵەکان دەبێت یان نا. سێیەم، ئەمن کاتەك سەردانی سێ پزیشکی خاوەن شەهادەی بەرز و سێ پسپۆڕی دیکەی بوارەکەم کرد، هەرچی پشکنینی پێویست هەیە کردم، کاتەك پێیان گۆتم کە سیستەمی هۆڕمۆنی جەستەم ناڕێکە و دەبێ ڕێك بخرێتەوە، دەزانن ئەگەر وام نەکردبا ئەگەری مردنم سەتی پەنجا (٥٠٪) بوو. واتا، لە دوو کەس لەوانەی حالەتەکەی منیان هەیە، یەکیان ئەگەری مردنی هەیە ئەگەر چارەسەر نەکرێ. دەێ، لە هەموو مرۆڤایەتی دەپرسم: کێ ئامادەیە چارەسەرێك ڕەت کاتەوە و چاوەڕێی مەرگی ئەندامێکی خێزانەکەی بێ؟ ئەمن کاتەك ئەو بڕیارەم دا، بڕیاری ژیانم هەڵبژارد بەرانبەر بە مەرگ. بڕیاری ئەوەم داب ۆ منداڵەکانم بمێنمەوە و گەورەیان کەم، نەوەك بمرم! ئەرێ چ وێژدانێكتان هەیە کاتەك مەرگی مرۆڤێك بەرانبەر بە ژیانی ئەو کەسە هەڵدەبژێرن؟ لەگەڵ ئەوەشدا، ئێوە کە ئەم ڕۆژانە هەموو بوون بە کارمەندی منداڵپارێزیی و دەروونزان، چی شارەزایییەکتان لە پەروەردەی منداڵدا هەیە و چی دەزانن لەسەر ئەو زەربەتانەی منداڵان دەیخۆن ئەگەر لەناو ئەو ماڵەدا کە تیایدا پەروەردە دەبن، کەسێك هەبێت ڕۆژانە و سات بە سات ناڕەحەتیی دەرونیی هەبێت و لەناخەوە خەمبار بێت؟ ئەگەر ئەنگۆ پێتان وایە کە کاتەك هەزاران هاوسەر و دایك و باوك (دایباب) لە پەیوەندیی ناجێگیر و پڕ لە شەڕ و دژایەتیکردنی یەکتریدان، کاریگەریی خراپیان لەسەر باری دەروونی و داهاتووی منداڵەکانیان نییە، لەوەدا ئێجگار هەڵەن. بڕۆن تەماشای دەروونی هەزاران کەسی دەوروبەرتان بکەن بزانن چتۆ برینی قووڵ لە ناخ و شوناس و کەسایەتیی و دەروونیان درووست بووە لەبەر ئەوەی لەناو خێزانەکی پڕ لە شەڕ و ناتەبایی ژیاون.
 
بە ئێوە دەڵێم
 
قسەیەك کە ناچارم ڕووەو زۆرینە (نەك هەموو) ئەوانە بڵێم کە خەمخۆریی لۆ پەروەردە و گەشەی منداڵەکانی من و هاوسەری پێشووم پیشان دەدەن ئەوەیە: بڕۆن خەمێك لەو نەشارەزایییە بخۆن کە لە پەروەردەی منداڵدا هەتانە و بۆتە هۆی ئەوەی منداڵەکانتان بێ ناز و ئارامیی پێویست پەروەردە دەبن. خەمی منداڵەکانی ئێمەتان نەبێت، چونکە منداڵەکانی ئێمە، بە شایەدیی ئەوانەی دەمانناسن، لە نموونەی منداڵە هەرە سەرکەوتووەکانن کە بەرەو تەواوکردنی خوێندنی باڵا و بەرەو درووستبوونی کەسایەتیی تۆکمە و دەروون-درووست دەڕۆن، کە ساڵانێکی زۆر نابات، دڵنیام لەو هەولێری ئازیز و جێگەی شانازییماندا، یان لە ئەمریکا، دەبنە تاکی بەسوود و جێگەی شانازی بۆ نەتەوەکەیان، نەتەوەی کورد.
 
گوایە پشتم لە منداڵەکانم کردییە
 
بە هەندێك کۆمێنت و قسەی ڕەخنەگرانەگرانەدا وا دەردەکەوێت وا تێگەیشتبن کە ئەمن لە منداڵەکانم دابڕاوم یان پشتم تێیان کردووە و خۆپەرستانە چوومەتە لای ژیانی خۆمەوە و باکم بە گەشە و پەروەردەی باشیان نییە.
 
لۆ ئەوانەیش دەبێژم، بەڕێزان، ئەنگۆ بە هەڵەدا چوون. لۆیێ، تکایە ئیتر خەیاڵی نێو مێشکی خۆتان وەك واقیع پیشان مەدەن و دواتر قسەی بێسەروبەری لەسەر ڕیز بکەن. ئەمن وەکوو پسپۆڕ و دایکێکی میهرەبان کە باشترینی خۆم پێشکێشی منداڵانی تووشبووی ئۆتیزم و نەخۆشییەکانی دی دەکەم. لەگەڵ نەخۆشە پیرەکانم، کە دەزانم پیر و شەکەتن، چۆن کەسێك خزمەتی داپیر و باپیری دەکا، ئەمنیش بەدەستی خۆم نان و ئاویان دەدەمێ. بالیفەکەی بن سەریان ڕێك دەخەم و بەتانییان پێ دادادەم تا سەرمایان نەبێ. پێتان وایە منداڵەکانی خۆم ئیهمال دەکەم و لێ دەگەڕێم تووشی ناڕەحەتی و بێزاری و دڵتەنگی و نازانم چی و چی بن؟ ئەرێ بەڕاست، هیچ بیرتان کردەوە پێش ئەوەی ئەو قسە نامەنتیقی و ناڕاست و بێ-سەروبەرانە بکەن؟
 
ڕاستی ئەوەیە کە پەیوەندیی پڕ لە سۆز و موحیبەت و گەرموگوڕی نێوان من و منداڵەکانم یەکێکە لە خۆشییە هەرە گەورەکانی ژیانم. لێرەدا پێم خۆشە ڕاستەوخۆ و ڕەق بەوانە بڵێم کە دەیانەوێت منداڵەکانی من  وەك قوربانی و وەك منداڵی زەربە-خواردوو و تێکشکاو پیشان بدەن، بڵێـم: منداڵەکانی ئێمە ئەو جۆرە منداڵانە نین کە لەبەردەستی دایك یان باوکێکی وەك ئێوەدا پەروەردە بووبن کە بەو زانیارییە هەڵەیە یان بەو درۆیە گۆش کرابن کە کە مرۆڤ یەك ڕەنگ و ڕووخساری هەیە و نابێت تەحەمولی هەمەچەشنەیی مرۆڤ بکەن. بۆیە لەو ڕووەوە منداڵەکانی ئێمە زۆر دەوڵەمەندترن، و زۆر بەفراوانتر لە ئێوە دونیا دەبینن. ئەنگۆ دەزانن هۆشیاریی مەعریفیی منداڵەکانی من، تەنانەت کچە نۆ ساڵەکەشم، لە هی زۆربەی ئەوانە چەندان جار زیادترە کە ڕەخنەی نابەجێ دەگرن و قسەی بێ بنەما دەکەن! ئاخر ئەوەیە جێگەی شانازیم و، سەربەرزم بە بەروبوومی پەروەدە و بەخێوکردنی منداڵەکانم!
 
شتێك کە پێویست دەکات ئێوە خەمی لێ بخۆن ئەوەیە کە زوو فریا بکەون، لەپێناو پەروەردەی باشی مندالەکانتاندا، بڕۆن، ئەگەر باوەڕداریشن، ببینن کە خودا ئینسانی بە جۆراوجۆر و هەمەچەشنەیی دروست کردووە چونکە شتێك کە خزمەت بە منداڵەکانتان دەکات ئەوەیە کە ئەو واقیعە بناسن و هەر لە ئێستاوە تەحەمولیان بۆ ئەو هەمەچەشنەییە هەبێت، چونکە ناهێڵێت خراپ پەروەردە بن و بەوە خۆیان و کۆمەڵگای کوردییش زەربەت بخۆن.
 
پوختەیەکی کورت لە چۆنییەتیی پەروەردەکردنی منداڵەکانم
 
لێرەدا وردەکاریی کەسێتیی خۆم نادەم، بەڵام سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە زۆر ناڕاست و بێویژدانانەیە کە حالەتەکەی من بەستراوەتەوە بە شەهیدبوونی هاوڕێیەکەم لە ساڵی ٢٠١٤. ئەوە چ وێژدانێکە مرۆڤ بتوانێ ئازاری ڕوحی مردووش بدا و ڕوحی ئەویش ڕووبەڕووی بوختان و تەشهیر و بێڕێزییەکان بکاتەوە؟ لە بیرمە، یەکەم جار حالەتەکەم لە تەمەنی ١٣ ساڵیم دەرکەوت. لە ١٧ ساڵی جارەکی دی دەرکەوتەوە. کە لە ٢٢ ساڵیم کە هاوسەرگیریم کرد دیسان دەرکەوتەوە (سەتان وێنەی ئەو کاتم ماون، ئاخر ئەوکاتی خۆم و هاوژینی پێشووم لەبەردەم یەك ئاوێنە مکیاجمان دەکرد). خۆ ئەگەر هاوژینی پێشووم بیویستبا، دەیتوانی ژیان و ڕێگایەکی دیکە هەڵبژێرێ. کە وای نەکرد، بێگومان هۆکاری خۆی هەبووە. لە نێزیکترین ئەگەردا، ئەویش زانیاریی و هۆشیاریی ئەوەی نەبووە کە داخۆ ئەمن لە چیدا جیاواز بوویمە. لە هەر سێ جاردا کە حالەتەکەم دەرکەوت نەمزانی چییە. ئاخر پێم بڵێن ئەو کاتی، لە ساڵانی نۆهتەکان و سەرەتای دوو هەزارەکان، لە وڵاتەکی پاشکەوتوو، کێ زانیاریی لەسەر ئەو باسانە هەبوو، تا منداڵێكی ١٣ ساڵانی وەکوو من هەیبووبێ؟! بێگومان کەس! کە کۆمەڵگەیەکی محافیزکار و داخراو و ناهۆشیارت هەبێ، چلۆن کەسێك هۆشیاری ئەوەی دەبێ هەر لە خۆیەوە ببێتە تاقیگە و جەستەی خۆی بپشکنێ و بزانێ داخۆ لەکوێدا جەستەی ناهەوسەنگە؟
 
ئەدی پاشان
 
پاشان، نێزیکەی شەش ساڵ پێش ئێستا، سەردانی گەورەترین پزیشكی هۆڕمۆنەکان (Endocrinologist)م کرد. سێ مانگ چاوەڕێ بووم تا نۆبەتم هات. لۆ دڵنیایی خۆم; سەردانی دوو پزیشکی دیکەیشم کرد. پاش پشکنینی زۆر، پاش ئەوەی ئەمن لە لایەن پزیشك و پسپۆڕانەوە حالەتەکەم دەستنیشان کرا (پێتان وایە ئەوەندە نەزانانە و خۆپەرستانە بێ هیچ بنەمایەکی پزیشکی بڕیارێکی وەها دەدەم، ئەو چ عەقڵ و لۆژیکێکە؟). نێزیکەی سێ ساڵ لەگەڵ هاوژینی پێشووم، بەردەوام گفتوگۆمان دەکرد تاوەکوو بتوانین ڕیگایەك بدۆزینەوە تا بەهۆیەوە بەردەوام بەیەکەوە بژیین. بەڵام، ناخۆشبەختانە، قسەکردن و گفتوگۆی سێ ساڵمان بەرهەمی نەبوو. لە ئاکامدا، کە نێزیکەی سێ ساڵ پێش ئێستا، هاوژینی پێشووم چووە ماڵی خۆی، زۆرینەی کاتەکان منداڵەکانم لەگەڵە من ژیان. ئەوکات و ئێستایش، ئامانجی سەرەکیم، کە دڵنیام ئامانجی هاوژینی پێشوویشمە، (سەرکەوتن و جێگیریی و دڵخۆشیی) منداڵەکانم بووە. ئێستا، ئەوەی لە کنم گرنگە ئەوەیە منداڵەکانم لە ژینگەیەکی درووست و تەندرووست دەژین لە نێوان من و هاوژینی پێشووم و تەرکیزیان لەسەر ژیانی سادەی ڕۆژانەیان و ئاییندەیانە.
 
هەر لەسەرەتاوە ڕام وابوو کە منداڵەکان چۆنیان دەوێ با وەها بن. هەزاران جار پێم گۆتینە، "بەدڵی خۆتان بژین. چێژ لە هەردووکمان وەربگرن." ئاخر ئەمن ڕام وایە کە هەردووکمان گرنگ و پێویستین لۆ منداڵەکانمان. لۆیێ، پێم گرنگ بوو کە هەردووکمان تەواجودمان لۆ منداڵەکان هەبێ. ئێستا، کچەکەم و کوڕە گچکەکەم لە نێوان هەردووکمانن. کوڕە گچەکەکەم، تانەنەت زۆرینەی ئەو کاتانەی شەوان لە ماڵی وییە، هەمیشە خۆی و برادەرەکانی بەڕۆژ تا ماڵنووستنان لە ماڵێ لە کنمن. کوڕە گەورەکەیشم بەهەمیشەیی لەگەڵ من دەژی. سرووشتی خۆم وایە کە حەزم لە کابانی و ماڵدارییە (ئەوە ستاییش نییە، بەڵکوو وەسفە). هەمیشە خەریکی شیولێنانم. سپاس لۆ خودا، کە هەمیشە خواردنێك هەیە لەسەر سفرە سادەکەمان. زۆربەی هەرە ڕۆژانیش هاوڕێی کوڕەکانم لەگەڵمانن لەسەر سفرە. دەیانجار، پێش ئەوەی خواردنی دانێمە سەر سفرە، بە کوڕەکانمم گۆتییە با بانگی برادەرەکانیشیان بکەن تا هەموومان بەیەکەوە نان بخۆین.
 
نامەوێ ستاییشی ئاستی هۆشیاریی و ئەکادیمیی خۆم بکەم، بەڵام ئەمن دکتۆری نەفسیم و پسپۆڕی نەخۆشییەکانی زمان و قسەکردنیشـم. تاوەکوو باشترین و زانستیترین پەروەردە و بەخێوکردنی منداڵەکانم بکەم، هەمیشە لە بارەی سایکۆلۆژیای پەروەردەوەم خوێندووەتەوە. حیسابم لۆ هەرچی وشە و دەربڕین و هەڵسوکەوتی خۆم هەیە کردییە بەرانبەریان. ئامانجی یەکەمم ئەوە بووە کە "ماڵێکی پڕ لە ئاشتیی ڕوحی" لۆ خۆم و منداڵەکانم بنیات بنێم. لەوەیشدا، ئێستا، پێم وایە سەرکەوتوو بوویمە. ئەگەرچی، لەو ڕووەوە، دەبی زیادتر فێر بم و خۆم زیادتر بەرەو پێش ببەم. لەبەرهەندێش، هەمیشە بە منداڵەکانم دەڵێم کە لە چیدا دەبی دایبابەکی باشتر بم، تکایە پێم بڵێن تا خۆم بەرەو پێش ببەم. خۆستاییش نییە، بەڵام پێم وایە ئێستا هیچ ماڵێك بارتەقای ماڵەکەی من ئاشتی و خۆشی و پێکەنینی تێدا نییە. هەر بەڕاستی ڕۆژێ تا ئێوارە پێکەنین و قسەی خۆش و گۆرانیی خۆش و گفتوگۆی قووڵمان هەیە. هەموو کەسێك دەخوازێ بەشێك بێ لەو ژیان و ماڵەمان. هەوڵم دایە کە کەسایەتییەکی جێگیر و دڵخۆش و سەرکەوتوو و متمانەبەخۆبوو و سەرکردە لە کەسایەتیی منداڵەکانم درووست بکەم و هەستی خۆبەکەمزانینیان نەبێ. خۆشبەختانە، ئێستا ئەو کەسایەتییە لە هەرسێ منداڵەکانم دەبینم.
 
سیستمی پەروەردەی ئەمریکی و کەسایەتیی منداڵەکانم
 
هەرسێکیان بێجگە لەوەی پەروەردەی خۆمن، بەڵام ئەوان لەناو سیستەمێکی ئێجگار پێشکەوتووی ئەمریکادا دەژین. هەرسێکیان ئەوەندە مێشککراوە و بیرکراوە و سەردەمی و بەڕێز و قبووڵکەری جیاوازییەکانن، زۆر شانازیم پێوە دەکەن. بەدەنگی بەرز دەڵێن، "هیچ لە کنمان گرنگ نییە داخۆ خەڵك چی دەڵێن. هیچ گرنگی بەقسەی خەڵك نادەین. هاوڕێیەتی هیچ کەسێکی کۆنەپارێز ناکەین." بێگومانیش وەهایان کردییە. هەرسێکیان، "هەموو ڕۆژێ هەموو ڕۆژێ" باوەشم لێ دەدەن. بۆنی ڕوحیان دەکەم و ماچیان دەکەم. کیژەکەم، ئەوەندە نازم لۆ دەکا، تا پێی بکرێ لەسەر کۆشم دادەنیشی نەك لە تەنیشتم. ئێستایش پشتەڕەقە (لە پشتی خۆمی دەکەم و لە ماڵێ دەیگێڕم)ی پێ دەکەم. هەموو شەوان چەندان یاری کوردەواری (وەکی شل کە شل کەم، تەپەڕەپانێ، و چیڕۆك-گۆتن) دەکەین، ئەوجا دەنووین. هەمیشە سەری بە سینگمەوە دەنێ. لەگەڵ کوڕە گەورەکەم زۆربەی ڕۆژان دادەنیشین گفتوگۆی قووڵمان هەیە. وەکی من حەزی لە سایکۆلۆژییە. هەروەها ئەو حەزی لە فەلسەفەیشە. ئیدی، تا وزە و کاتمان هەیە قسان دەکەین. دەیان جاریش تا هێزمان هەیە و تا هەناومان دەپسێ پێدەکەنین. کوڕە گچکەکەم زۆر زانا و دانا و مەندە. لەناو خانەوادەکامان پێی دەڵێن کوڕە عاقڵ و مەندەکە. زۆر دەیدوێنم و پرسیاری قووڵی لێ دەکەم تا ڕا و بیرکردنەوە مەندەکانی ببیستم. هەرسێ منداڵەکەم، کاتەك لەگەڵ هاوڕێیەکی تازەیان دێنەوە ماڵێ، یەکسەر ڕوو لە هاوڕێیەکەیان دەکەن و دەڵێن، "ئەوە دایکمە، لانە." ئەمن وەها بە هاوڕێیەکانیان دەناسێنن. ئەو ڕۆژەی ناو و وێنەم لە فەیسبووك گۆڕی، پێرۆزبایییان لێ کردم و پێیان گۆتم، "شانازیت پێوە دەکەین."
 
گەواهیدەرەکان
 
ئەوانەی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بە دەنگ و بە کامیرە قسەیان لەگەڵە من کردبی، دەزانن چلۆن مامەڵە دەگەڵ منداڵەکانم دەکەم. دەزانن کە چەندە بە زمانی پڕ لە میهرەبانیی خۆم دەیاندوێنم. دەزانن کە چلۆن باشترین خزمەتیان دەکەم. زۆر ڕۆژان، یان بەیانیان پێش ئەوەی بچمە کارێ خواردنی درووست دەکەم، یاخودیش کە لە دەوام دێمەوە، پێش ئەوەی خۆم بگۆڕم، یەکسەر لە مەتبەخ دەست بە شیولێنان دەکەم و نانی حازر دەکەم، ئەوجا دەچم خۆم دەگۆڕم و نانی دەخۆین. جلکشووشن و خزمەتیان، بەشانازییەوە، لۆ دەکەم و لەسەر منە. سەتان شەو، درەنگی شەو کوڕەکان دەڵێن برسیمانە. ئەمنیش پێیان دەڵێم چیتان حەز لێیە، وەك ئەوەی لە خواردنگە بن، بیر دەکەنەوە و داوای خواردنم لێ دەکەن (ئاخر لێم ڕادەبینن ئەو داواکارییەم لێ بکەن)، بەو شەوە درەنگە یەکسەر دەچم لۆیان درووست دەکەم. هەمیشە پێم دەڵێن "سپاس." ئەمنیش یەکسەر پێیان دەڵێم، "ئەوە ئەرکە گیانەکەم. سپاسی ناوێ. نۆشی گیانت بی." هەر کە شیو و خوادنم بەرەو ئامادەبوون دەچی، بەرقاویت (کەمێك خواردن پێش نانخواردنی خێزان)یکی لێ دەدەمە هەرسێکیان. لە ڕووی سایکۆلۆژییەوە دەزانم لەبەرچی وەها دەکەم، ئاخر ئەمن بەشێکی پسپۆڕییەکەم خواردن و خواردنپێدانە. پێم وایە کە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵ ئەرکەکی ئەخلاقییە لەسەر شانی دایباب (parent). بەوپەڕی شانازی و خۆشحاڵییەوە ئەو کارە دەکەم. چشتەکی دی، ئەمن لە سرووشتم دا وەهام، چێژ لە دنیای ژنانەی خۆم وەردەگرم. حەزم لە چێشلێنان و ماڵخاوێنکردنەوە و دوورمان و منداڵ-بەخێوکردن و دەیان کاری دیکەی ژنانەیە. ئەوە سرووشتی خۆمە. دەمەوێ بێژم کە ئەو کارانە هەم وەکوو ئەرك و هەمیش وەکوو چێژ، بەعیشقەوە، دەیانکەم.
 
لە ڕووی سایکۆلۆژی و هۆشیارییەوە
 
زۆر لە کنم گرنگ بووە کە منداڵەکانم سەرکەوتوو، دڵخۆش، جێگیر، متمانەبەخۆبوو، پێشەوا، سەردەمی، لیدەر، کۆمەڵایەتی، تێکەڵ، قسەزان، زۆرزان، ڕالەخۆ، لێوبەخەندە، سەرکەوتوو، دڵخۆش، لەخۆخەفتی، زیرەك، هۆشیار، بە زانست و زانیاری، و پڕ مەعریفە بن و هەستی خۆبەکەمزانینیان نەبێ. بەوپەڕی شانازییەوە کە ئێستا هەموو ئەو سیفەتانە لە هەرسێ منداڵەکەم دەبینم. ئاخر ئەوە بەرهەمی چرکە بە چرکەی ئیشکردنم بووە لە پەروەردە و بەخێوکردنیان.
 
هێشتا
 
کوڕە گەورەکەم هاوینی ڕابردوو ئامادەیی تەواو کرد، ئێستا لە زانکۆ دەخوێنێ. کوڕە گچکەکەم ئەوساڵ پۆلی دوازدەیە، لە ئێستاوە پلانی زانکۆی هەیە. لە دەیان وێنە کە بڵاوم کردیتەوە نەتانبینیون کە دڵخۆش و لێوبەخەندەن؟ بەڕاستی زۆر بێویژدانانایە مرۆڤ لۆ ڕاکێشانی عەتفی خەڵك و فریودانی ڕای گشتی و شێواندنی ڕاستییەکان، بێ، واقیعەکان بشێوێنێ و بیانگۆڕێ؟ بێ، منداڵەکان وەکوو قوربانی نیشان بدا؟ ئەرێ ئەوە چ لۆژیك و وێژدان و ئەخلاقێکە؟ سایکۆلۆژیای خۆ-بەقوربانی-ناساندن نەخۆشییە نەخۆشی!
 
منداڵ چی لە دایباب (parent)ی دەوێ؟
 
پەیوەندیی خۆشەویستیی نێوان دایباب و منداڵ غەریزە (instinct)یە. منداڵ ڕووخسار و جەستەی دایبابی لە کن گرنگ نییە. هیچ منداڵێکتان بینیوە داوا بکا بەژن و باڵای دایبابی بەشێوەیەك بی، کێشی چلۆن بی، ڕەنگی چاوی وەها بی، و پرچی چ ڕەنگێك بێ؟ بێگومان نەخێر! منداڵ ئەوەی لە دایبابی دەوێ خۆشەویستیی بێمەرج و سۆز و ئامێز و موحیبەت و دابینکردنی پێداویستییەکانییەتی. لەسەر دایبابیش پێویستە کە پەروەردە و بەخێوکردنی منداڵەکانی بە ئەرکەکی ئەخلاقی بزانێ! باشترینی خۆی پێشکێشی منداڵەکانی بکا! ئەوەیە بنەما سەرەکییەکەی پەیوەندیی نێوان زارۆ و دایاباب. لە هەمان کاتیشدا بێگومانم لەوەی کە پەروەردە زانستە. دایباب دەبێ لە بنەمایە زانستییەکانی پەروەردە بزانێ تاوەکوو کار لەسەر بنیاتنانی کەسایەتیی منداڵەکانی بکا. پێم وایە کە دەبی دایبابیش، بێ مەرجی جەستە و ڕووخسار و سرووشتیان، منداڵەکانی خۆش بوێ و ئەرکی پەروەردە و بەخێوکردنیان بەخۆشحاڵییەوە لەئەستۆ بگرێ! ئەگەر ئەوە ڕوو نەدا، ئەوا خەلەلێك هەیە و دەبی چارەسەر بکرێ! بێگومان ئەوانەن بنەمای پەیوەندیی نێوان من و منداڵەکانم.
 
کامەمان جێگای بەزەیین
 
ئەگەر کەسانێك پێیان وایە ئەمن جێگای بەزەییم، ئەوە زۆر بەهەڵەدا چوونە. ئاخر ئەمن بەوپەڕی ڕاستگۆیییەوە لەگەڵ ناخی خۆم و دەوروبەرم دەژیم. بێ هیچ دەمامکێك دەژیم. بەڵام هەزارن کەس لەوانەی پەلاماری منیان دا، لە بن ماسکی دەسکردی ژیان و زەمانەوە دەناڵێنن و هەزاران خۆزگە و ئاخ لە هەناویاندا پەنگی خواردووەتەوە. ئەو ئەوانن بەدرۆ و فریودانەوە لە پەیوەندیی هاوژینی و ناهاوژینییەکانیاندان. ئەسڵەن ئەمن بە ئەرکی خۆمی دەزانم لە ئازاری دەمامك و خۆزگەکانیان بگەم و کەم کەمەوە!
 
پەیامم لۆ ڕۆشنبیران
 
هەروەها پێم خۆشە قسەیەکیش ڕووەو ڕۆشنبیرانی کورد و نوخبەی ڕۆشنبیری بکەم. ڕاستیەکەی چاوەڕوانییەکی زۆرترم هەبوو لەوەی ڕۆشنبیران بە دێڕێکیش بێت، تەنانەت ئەگەر باوەڕیان بە هەمەچەشنەیی مرۆڤیش نییە، وەک مافێکی مرۆڤ، داکۆکییان لەو مافەی من بکردایە کە وەك ژنێك بژیم. لەم ڕووەوە زۆر نائومید بووم. دەبینم دەیان ڕۆشنبیری بەسەنگ لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا پالپشتیی خۆیان دەربڕیوە، بەڵام ناتوانم ئەوە نائومێدم نەکات کە پێدەچێت زۆرێك لە ڕۆشنبیران لە ترسی ڕەخنە و لەدەستدانی خوێنەر، خۆیان لە کۆمێنتکردنی ئەو هەموو زیادەڕۆیی و ڕقە بپارێزن کە لەم ڕۆژانە ڕووبەڕووی من کراوەتەوە. ئەگەر لە ساتێکی مێژوویی وەهادا بەرگری لە ئازادیی و مافی مرۆڤ نەکەن، نادادییە ئەگەر دوای چەند دەیەیەك خۆیان بە خاوەنی بەرهەمی قوربانیدانی ئێمەومانان بزانن!
 
هاوژینی پێشووم
 
ئەگەرچی ئێستا ئەمن و هاوژینی پێشووم لێكدوور (Separation)ین و چاوەڕێی ئەوەین پڕۆسەی تەڵاقەکەمان لە مەحکەمە تەواو بی و هەریەکەمان ژیانی خۆی هەبی، ئێستا ئەو وەکوو من دایباب (parent)ی منداڵەکانە. کاتەك دوو ساڵ پێش ئێستا چووەوە ناو پەیوەندییەکی تازە لەگەڵ پیاوێك و دوای ماوەیەك پەیوەندییەکەی کۆتایی هات، ئەو تاکە کەس کە هانای لۆ برد تا ئازارەکانی لەگەڵ بەشکا، ئەمن بووم. ئەوە ئەمن بووم هەر وەکوو خۆم گوێم لە گریان و فرمێسکەکانی گرت. پێم خۆشە باشترین پەیوەندی لەگەڵ منداڵەکان هەبێ. هیوای ژیانەکی ئاسوودەی لە ئێستا و لە داهاتوو لۆ دەخوازم. هیوادارم و چاوەڕوانی ئەوەیشم کە باشترینی خۆی پێشکێش کا لۆ منداڵەکان و منداڵەکانیشم باشترین پەیوەندییان لەگەڵ هەردووکمان هەبێ. هیوای باشی و سەلامەتی لەبۆ دەخوازم. لە شەوی سەریساڵدا، کە زۆریك لە ئێوە خەریکی ڕشتن و ناردنی ڕق بوون لۆ من، بەڵام ئەمن و سێ منداڵەکەم و هاوژینی پێشووم لە پاڕکی شار چێژمان لە ئاهەنگی سەری ساڵ وەردەگرت!
 
لە دوماهیدا
 
له کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە من هەر ئەو کەسەم کە لە ژیانی ڕۆژانە و لە ڕێگەی نووسینەکانمەوە منتان ناسیوە. هەر ئەو کەسەم کە پێشتر لە خەمی نەتەوەکەمدا بووم و، دەیان ساڵە بە خوێندن و خوێندنەوە و نوسین کار بۆ گەشەی ڕۆشنبیریی نەتەوەکەم دەکەم. بەبێ هیچ گۆڕانگارییەك بەردەوامم و هیوام هەیە دەرفەتم هەبێت بەشداریی زیادتر و چالاکانەترم لە ناوەندی ڕۆشنبیرییدا هەبێت. لەسەر ئەو خەباتەیش بەردەوام دەبم کە دژی چەتەکانی کوردایەتیی و داگیرکردنی کوردستان لە هەموو تەمەنم کردوومە. بەڵێ، چۆن کاتەك لەناو هەولێر خەباتم لۆ مافی میللەتەکەم کرد و چەکدارەکانی پارتی بەدوام کەوتن، هەر لەسەر هەمان ڕێیاز بەردەوام دەبم. بۆیە هیوام وایە ئێوەش ئیتر چوارچێوەی یەکترقبووڵکردن (تۆلێڕانس)ی خۆتان زیاد بکەن و واز لەو هەرا و هەڵایە بهێنن کە لەسەر من درووستتان کردووە.
 
خەونم
 
ئەمن گەشبینم و هیوام هەیە کۆمەڵگەی کوردی گەشەی زیادتر بکات. لەم پێناوەدا، هیوام هەیە ڕۆژێك دابێ دەرفەتم بۆ هەڵکەوێت، ئەو بڕوانامە و کەفائەتەی لە وڵاتانی تر بەدەستم هێناوە، بیانبەمەوە نیشتیمان و بەتایبەت لەو شارەدا کە گەورەترین جێگەی گرتووە لەناو دڵمدا، شاری هەولێر، شانبەشانی هاونشتیمانییانی تر، کار بۆ بونیادنانی نەتەوەیەکی پڕ لە هەمەچەشنەیی و جێگەی شانازی بکەین. بەڵێ پڕۆژەی گەورەی زانستی و پزیشکیم هەیە کە خزمەت بە سەتان هەزار منداڵ و گەنج و پیری کوردستان دەکا! بەشانازییەوە دەمەوێ لە ئاییندەدا خزمەتی وڵات و نیشتیمانەکەم بکەم!
 
چۆنم؟
 
لێتان ناشارمەوە کە ڕاستە لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو فشارێکی زۆرم لەسەر بووە، بەڵام زۆر باشم. پێم وایە لە لووتکەی چیژبینینی خۆشبەختیی خۆم و خۆبوونی خۆم و ژیانی منداڵەکانمم. وەك هەمیشە زەردەخەنە لەسەر لێوەکانمە و چێژ لە میوزیك و گۆرانی وەردەگرم. دەخوێنمەوە و دەنووسم! خەریکی ناوماڵ و پاککردنەوەی ماڵ و شیولێنانی ڕۆژانە و خزمەتکردنی منداڵەکانم و لەخۆخەفتینی خۆم و دەوامم! لادانی دەمامك و خۆبوون هەم "ئازادی و هێزی" لۆ گەڕاندمەوە، هەمیش گەورەترین شانازیی ژیانمە! ئەو کارە گەورەترین و قورسترین و بوێرانەترین و سەختترین کارێکە مرۆڤ بتوانی بیکا! "نا" بوو بەرانبەر بە جەهل و دواکەوتوویی و نەریتپەرستی و کۆنەپارێزی و یەکترڕەتکردنەوە و پۆپۆلیزم و چەپاندن. سپاس کە خۆمم و و ئەو کارەم کرد! شانازی بە خۆمەوە دەکەم! ئاخر ئەمن هەرگیز لە جەهل و هێزی کۆمەڵگە و ئەوانی دی نەترساوم. لەسەر ڕێباز و شاڕێگای خۆمم!
 
دژی ناوەدولکە (Labeling)م
 
خۆم پێناس دەکەم بە چار وشە؛ مرۆڤم، ژنم، کوردم، و پزیشکم. بەدەر لەوە، دژی هەر کلکەناو و ناوەدولکە و ناووناتۆرە و لەیبڵینگ و پاشناوی داسەپێنراو و جیاکاریم. بەدەر لەوە، هەرچییەکم بەسەردا فەڕز بکەیت، ڕەتی دەکەمەوە و پێویست ناکا پەوەندیمان بەردەوام بێ. 
 
چیم بەدەست گەیشتووە
 
بێجگە لە سەتان کۆمێنت و نووسینی پۆزەتیڤ و ئەرێنی و بنیاتنەرانە و پاڵپشتیی بۆ من لە ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیادا، لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو سەتان و بگرە هەزاران نامەی پاڵپشتیم لە کوردستان و لە سەرانسەری جیهانەوە پێ گەیشتییە لە لایەن دۆست و ئازیز و پسپۆڕ و ڕۆشنبیر و ئەکادیمی و میدیاکارانەوە. لە هەموو جیهانەوە داوەتنامەم بەدەست گەیشتییە. دەیان داوەتی دیداری تەلەڤزیۆنی و ڕۆژنامەوانیم پێگەیشتووە. تەنانەت پڕۆژەی گەورەم لە لایەن فیلمسازانیشەوە پێ گەیشتییە کە چیڕۆکی ژیانم بکرێتە فیلم. ئەوانە هەموویان جێگەی دڵخۆشی و شانازی و گەشبینیمن. هەروەك چلۆن هەمیشە لە ڕابردوودا شانازیم بە کوردبوونمەوە کردووە، لێرەیشەوە بەهێزتر شانازی پێوە دەکەم. لێرەوە ڕایدەگەیەنم کە ئامادەم لە ڕاگەیاندن، بێ هاوێکردن و جیاوازی، وەکوو پزیشك دەرکەوم و قسە لەسەر ئەو باسانە، نەك لەسەر خۆم، بکەم کە پسپۆڕیی خۆمن و لەپێناویاندا تێدەکۆشم.
 
یەك داواکاریی گچکەم هەیە
 
تاوەکوو زەینم لەسەر منداڵەکانم و خۆم و نەخۆش و چارەخوازەکانم و پڕۆژە ئەکادیمی و نووسین و ڕۆشنبیرییەکانم بێ، تکایە هیچ وزەیەکی نێگەتیڤ و نەرێنیم لەبۆ مەنێرە. تکایە ڕەخنە و قسەی پڕ لە ڕق و ڕووخێنەرانەی ئەوانی دیم لەبۆ مەنێرە! لەوەدا سپاست دەکەم و پێزانینم هەیە. ئەوانەی بێڕێزی و بێڕەوشتیی و ئاستنزمیی خۆیان نیشان دەدەن، بەمە، کەسایەتیی خۆیان ناساند. دانابەزمە ئاستیان. ئاخر کەسانی جاهیل و بێڕێز شایستەی ئەوەی نین وەڵامیان بدەینەوە، بەڵکوو دەبێ ئیهمال بکرێن. ئاخر ئەمن چلۆن دابەزمە ئاستیان، لە کاتێکدا، لەو هۆڵانەی ئەمن سیمینیار و محازەڕم تێیاندا پێشكێش کردووە، بەشێك لەو کەسانە بە چایەچیی هۆڵەکانیش وەرناگیرێن! گوناحن! دەبی وەك مەسیح پێیان بڵێم، "خوادایە لە گوناهیان خۆش، بە چونکە نازانن!".
 
هیواخوازم
 
هیواخوازم لە داهاتوودا کۆمەڵگەی کوردی و جیهان زیادتر بکرێتەوە. دەخوازم لە ئاییندە تاکەکانی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای ڕێز و خۆشەویستیی و یەکترقبووڵکردن و ئاشتیی کۆمەڵایەتیی پێکەوە بژین. هیوادارم ئەنگۆ و نەوەکانتان و هەموو مرۆڤایەتی ڕۆژگارێك دابێ بەهۆی جیاوازیی سرووشتتانەوە ئازار نەدرێن و ڕەتنەکرێنەوە. هیوادارم زەوی ببێتە ماڵێکی ئارام بۆ هەموو مرۆڤێك بێ جیاواز. تا مرۆڤ و مرۆڤایەتیش مابێ، خەبات لەپێناو ئەو بنەمایانە بەردەوام دەبێ!
 
دوای ئەم پەیامەم
 
ئیتر من دەچمەوە لای درێژەدان بەو چالاکییە ڕۆشنبیرییەی ساڵانێکی زۆرە خەریکیم. دەچمەوە لای ئەو ژیانە بەختەوەرانەیەی لەگەڵ منداڵەکانمدا هەمە. دەچمەوە لای چێژبینین لەو دڵخۆشییەی منداڵەکانم هەیانە و چێژبینین لەو عەقڵە کراوەیەی هەیانە و مامەڵەی پێ دەکەن. لێرەوە بەردەوام دەبم لە چیژبینینی شەکرەکچەکەم کە هەمیشە لە باوەشمە و نازم لۆ دەکا. کە داوام لێ دەکا بچینە دەرێ و ڕۆژی کچانەی خۆمانمان هەبێ. لێرەوە بەردەوام دەبم لە چێژبینن لە کوڕەکانم کاتی باسی کارکردن لە ماشێنەکانیان بۆم دەکەن و ئەمنیش دەستخۆشییان لێ دەکەم و ئافەرینیان لێ دەکەم. لەگەڵ منداڵەکانم بەردەوام دەبین لە بەخێوکردن و چێژبینین لە پشیلەکانمان. دەچمەوە لای جێژبینین لە کچبوون و ژنبوونی خۆم. بەردەوام دەبم لەسەر ستایلی تایبەت و ڤێنتگ (vintage، کلاسیك)ی ژنانەی خۆم. بەردەوام دەبم لەسەر ئەوەی کە بەیانیان بەدەم قاوەخواردەنەوەم لەپێش ئاگردانی ماڵەکەم، بیر لەوە دەکەمەوە چ چێشتێك بۆ نیوەڕۆیێ ساز کەم. دەچمەوە لای کارەکەم و هاوکارە پڕ ڕێز و خۆشەویستەکانم. دەچمەو لای نەخۆش و چارەخوازەکانم کە بەتامەزرۆوە حەفتانە چاوەڕێی جەلسەی چارەسەری خۆیانم لێ دەکەن. دەگەڕێمەوە لای ئەو خوێنەرانەی بەردەوام چاوەڕێی نووسینی تازەم لێ دەکەن. دەچمەوە لای ئەو هاوڕێ کوردانەم کە حەقی خۆیانە چەند بتوانن شانازی بە کراوەیی عەقڵی خۆیانەوە بکەن و ژنبوونی منیان بە زیهنییەتێکی کراوەوە و پێ چەند و چوون قبوڵ کردووە. دەچمە لای چێژبینین لەوەی کە میللەتەکەی منیش خەڵکی تێگەیشتوو و پێگەیشتووی زۆرە. دەچمە لای بیرکردنەوە لەو هەزاران کوردەدا کە لە ساڵانی داهاتوودا، چی لە ڕۆژئاوا یان لە کوردستان دەیانبینم و بەبێ هیچ مەرج و پێشداوەری و ڕقێك مامەڵە لەگەڵ ژنبوونی مندا دەکەن.
ئێوەش بمێنن بە خێر.
 
لەگەڵ ڕێزی
د. لانە کرمانج
 
وێنەی هاوپێچ؛ وێنەی خۆم و منداڵەکانم لە نیو یۆڕك گیرایە، لە بەهاری 2023. ئەمن و منداڵەکانم خەریکین چێژ لە ژیان وەردەگرین. تکایە ئێوەش بڕۆن ئاگاتان لە ژیانی خۆتان و هاوژین و منداڵەکانتان بێ.







PM:10:24:03/01/2024