عێراق هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانێت لە بۆردومانی هێزەکانی حەشدی شەعبی

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەسەر بۆردوومانکردنی بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە بەغداد دەڵێت" هێزەکانی هاوپەیمانان بە بەرپرسیار دەزانین". 

لیوا یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" لە هێرشێکی ئاشکرا و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری و ئاسایشی عێراق، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کردەوەیەکی ئەنجامدا کە جیاوازی نییە لە کردەوەی تیرۆریستی، یەکێک لە بارەگا ئەمنییەکانی بەغدای پایتەختیان کردە ئامانج و بووە هۆی زیانی گیانی لەم ڕووداوە تەواو قبوڵنەکراوە". 

دەشڵێت" بەرپرسیارێتی هێرشەكە دەخەینە ئەستۆی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە کراوەتە سەر دەزگایەکی ئەمنی عێراقی و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە پێیدراوە كاردەكات، ئەمەش سەرجەم لێكتێگەیشتنەكانی نێوان هێزە چەكدارەكانی عێراق و هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێكدەدات". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بە ئامانجگرتنە بە پەرەسەندنێكی مەترسیدار و هێرش بۆسەر عێراق دەزانن كە دوورە لە رۆح و دەقی ئەو رێگەپێدان و كاركردنەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لەسەر دروست بووە.

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بارەگایەکی بزووتنەوەی نوجەبای سەر حەشدی شەعبی لە شەقامی فەڵەستینی بەغداد کرایە ئامانج و هێرشەکە زیانی گیانی لێ کەوتەوە. 


PM:02:31:04/01/2024