نەخواردنی نانی ئێواران تا چەند کارێکی ڕاستە؟

زۆربەی هاوڵاتیان زانیاری پێویستیان نیە دەربارەی ژەمی ئێوارە و كۆمەڵێك نازانن ئەگەر شەوان برسیان بوو چی بخۆن.

ژەمی ئێوارە یەكێكە لە ژەمە سەرەكیەكان و نابێت نەخورێت بە تایبەت پاش دەوام و تەواو بوون لە كاری ڕۆژانە، مرۆڤ هەست بە هیلاكی و بێهێزی دەكات؛ ئەگەر بێتوو نەخورێت ئەوا شەوان دووچاری برسیەتیەكی زۆر دەبێتەوەو دەبێتە هۆی تێك چوونی خەو.

نەخواردنی ژەمی ئێوارە بە مەبەستی دابەزینی كێش و ڕێگە گرتن لە قەڵەوی یان لەو كەسانەی نەخۆشی درێژخایەنی وێنەی شەكرەو بەرزی فشاری خوێن و كۆلیستڕۆڵ و چەوریە سیانیەكان كارێكی هەڵەیەو سوودی نیەو بە پێچەوانەوە زیانی هەیە.

باشترین خۆراك بۆ ژەمی ئێواران ئەمانەن :

١. خواردنی قاپێك زەڵاتەی وەرزی چارەگێك پێش خواردن؛ باشترە سەوزە گەڵا تۆخەكانی تێدا بێت وێنەی كەلەرم و سپێناخ؛ كاهوو، تەرۆزی، خەیار.

٢. یەكێك لەم خۆراكانە؛ (ماسی برژاو، پەنیر یان ماستی بێ سەرتوێژ لەگەڵ نانی تیری؛ ئاردی بۆر یان جۆ بێت باشترە).

٣ یەك قاپ تەماتەی سووركراوە لە ناو یەك یان دوو كەوچك زەیت.

٤. پەتاتەی كوڵاو یان یەك هێلكەی كوڵاوو نانی تیری.

٥. قاپێك شۆڤانی ئەسڵی لە ناو یەك كووپ شیری كەم چەوری.

٦. قاپێكی بچووك لۆبیا یان نیسك یان نۆكاو یان پاقلە؛ بۆ ئەو كەسانە ناشێت كە كێشەی قۆڵۆن و غازاتی زۆریان هەیە.

باشترین خۆراك لە شەودا چیە كاتی برسیەتی ؟

١. باشترین بژاردە بریتیە لە سەوزەی وەك تەرۆزی، خەیار یان میوەیەك بە تایبەت سێو، مۆز، ئەڤۆگادۆ، هەنجیر، چوالەی سەوز، قەیسی، هەڵوژە یان یەك گەنمەشامی كوڵاو یان برژاو یان یەك پیاڵە چەرەز.

٢. دوو سەعات پێش نوستن پێویستە هیچ نەخورێت.

٣. دوور كەوتنەوە لە خواردنەوەی چاو قاوە پاش سەعات نۆی شەو.

(د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی – پسپۆڕی زانستی خۆراك)


PM:04:33:05/01/2024