لەبارەی چارەنووسی سێ مووچەی ساڵی ڕابردوو روونکردنەوە دەدرێت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" دەمانەوێت سێ بابەت لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکەینەوە، لەوانەش چارەنووسی سێ مووچەی کۆتایی ساڵی ڕابردووی فەرمانبەرانی هەرێمەوە".

ڤیان سەبری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکەی ڕاگەیاندووە" ھاتنی شاندی حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا زۆر گرنگە و گفتوگۆ لەبارەی سێ بابەتی سەرەکی دەکرێت، ئەوانیش  چارەسەرکردنی گرفتی سێ مووچەی ساڵی ڕابردوو کە لەلایەن بەغداوە نەدراوە، ھەموارکردنەوەی یاسای بودجە و زیادکردنی پارەی دەرھێنانی نەوت کە لە یاسای بودجە بڕێکی کەم دانراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لیژنەیەک لە نێوان هەرێم و بەغدا و لیژنەی داریی پەرلەمانی عێراق دروستکراوە، شاندی حکومەتی ھەرێم لەو سەردانەیاندا لەگەڵ لیژنەی حکومەت و لیژنەی دارییش کۆدەبنەوە.

وتیشی" پێویستە  وشەی ئینفاق فعلی لە یاسای بودجە نەمینێت، بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ھەموو ناوچەکانی دیکە بە ھیچ شتێکی دیکە گرێنەدرێت و لە کاتی خۆی ڕەوانە بکرێت".


PM:06:15:06/01/2024