یەکێتی: لایەنەکان لەگەڵ کێشەی چارەسەری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمن


سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" رێككەوتنی سیاسی هەیە و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و لایەنەكان رەزامەندن كە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەربكرێت".

هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ میدیاکانی نزیک یەکێتی دەڵێت" بڕیارە لە ٩ی ئەم مانگەوە كاروبارەكانی پەرلەمانی عێراق و كۆبوونەوەكان دەستپێدەكاتەوە و یەكەم كاری پەرلەمانی عێراقیش هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانە كە دەبێت ئەو پۆستە پڕبكرێتەوە و دواتر رێكارەكانی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە دەستپێدەكات".

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت" هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن بابەتی ئینفاقی فیعلی و پرسی مووچە یەكلابكرێتەوە و ئەو بودجەیەی پشكی هەرێمە لەكاتی خۆیدا و وەك خۆی رەوانەبكرێت".

"رێككەوتنی سیاسیی هەیە و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و لایەنەكان رەزامەندن كە هەمواری یاسای بودجە بكرێت و كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەربكرێت”.( وەک هەرێمی کەمال ئاغا جەختی لەسەر دەکاتەوە).

مووچەی خۆرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەی سێ مانگی ساڵی رابردوویان بۆ خەرج نەکراوەو هیچ ئاسۆیەکیش بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشەیە دیار نییە.



AM:12:06:07/01/2024