پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە کە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکەن. 

هیوا گەیلانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکدا بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە" لە چەند رۆژی داهاتوودا پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە، مەکتەبی سیاسی هەردوولا بۆ ئەم مەبەستە ئامادەکارییەکانیان تەواوکردووە، ئەوەی ماوەتەوە دیاریکردنی رۆژی کۆبوونەوەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، چەندین دۆسیە هەن پارتی و یەکێتی گفتگوگۆی لەبارەوە دەکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی لە دوایین کۆبوونەوەدا بڕیاریاندا لە رێگەی کەسانی تایبەتمەندەوە کێشەکان دیاریبکەن و چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزنەوە.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ناوخۆی هەرێم و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تاوتوێ بکرێن.


PM:10:01:07/01/2024