تا ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوەی گیان لە دەستدانی ١٤ هاوڵاتی سۆران رانەگەیەندراوە


مانگێکی تەواو بەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی هۆتێلەکەی سۆراندا تێدەپەڕێت کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی ١٤ هاوڵاتی، بەڵام سەرباری تەواوبوونی لێکۆڵێنەوە، ئەنجامەکەی بۆ رای گشتی رانەگەیەندراوە.

سەرۆکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب لە رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ١٧ی کانوونی یەکەمدا لە وتارێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئیدارەکەیان بەهۆی ئەو رووداوەوە ئاهەنگی کریسمس و سەری ساڵ ئەنجام نادات، هەروەها ویتیشی" ئەو لیژنەی لەسەر فەرمانی سەرۆک وەزیران بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە پێکهێنراوە، لێکۆڵینەوە خۆی تەواوکردووەو دۆسیەکەی خستۆتە بەردەستی وەزیری ناوخۆ"، بەڵام تا ئێستا لەو بەروارەوە کە زیاتر لە ٢٢ رۆژ دەکات ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیە رانەگەیەندراوەو ئەو کەسانەی بەرپرسن لەو رووداوە هیچ رێوشوێنێکی یاسایی لە دژیان نەگیراوەتەبەر.
 
شەوی ٨ ی کانوونی یەکەم لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاگرێک لە بینایەک کەوتەوەو ١٤ هاوڵاتی کە چەند کەسێکیان خوێندکار و مامۆستای زانکۆ بوونە قوربانی، سەرۆکی حکومەت بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی دەرکرد و لیژنەکەش لێکۆڵینەوەی خۆی تەواوکردووەو لەبەردەم وەزیری ناوخۆدایە.  



PM:03:06:08/01/2024