یەکێتی و پارتی:هەوڵی تەواو دەدەین پارێزگاری کەرکوک کورد بێت

لە دوای کۆبونەوە بەرپرسانی یەکێتی و پارتی رایانگەیاند، "پەیوەندی باش لە نێوانماندا  هەیە و لەم جارەدا لە هەمو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێکەوە کاردەکەین نەک تەنها لە کەرکوک، پشتیوانی لە هاوڵاتیانی گەڕەکی نەورۆزین و هەوڵی تەواو دەدەین پارێزگاری کەرکوک کورد بێت".

رەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی ٢ی یەکێتی لەکەرکوک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند،" پەیوەندی باش لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە و لە سەردانی ئەمجارەدا بیرۆزبایی سەرکەوتنی کوردیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کرد، لە هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم پێکەوە کاردەکەن و وتیشی، "هەوڵی تەواو دەدەین پۆستی پارێزگار بۆ کورد بێت."

لەلایەکی دیکەوە محەمەد کەمال بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکوک ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبونەوەکەدا لێکتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ یەکێتی هەبوە و پەیوەندی باشیان دروستکردوە و بڕیاریان داوە کارەکانیان پێکەوە بەردەوام بوە، جگە لەوەش بڕیاریان داوە بەرگری لە مافی کوردەکانی گەڕەکی نەورۆزی شاری کەرکوک بکەن.

ئەوەشی خستەڕو، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەت دەکەنەوە کە ئاماژە بەوەدەکەن کە پارتی لە لیستە عەرەبییەکان نزیکبوەتەوە و لێرەوە رایدەگەیەنن کە لەگەڵ یەکێتی لە کەرکوک پێکەوە کاردەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی یەکێتی سەردانی بارەگای لقی ٣ی پارتییان کرد لە کەرکوک و لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکەوە گفتوگۆیان کرد.


PM:03:21:09/01/2024