دهۆک.. کەسێک دەستگیر دەکرێت کە لە رێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی لە ژنان کردووە

پۆلیسی پارێزگای دهۆک کەسێکی دەستگیر کردووە کە "بەرامبەر وەرگرتنی پارە هەڕەشەی لە ٢٣٠ ژن کردووە".

لە پاریزگای دهۆک تۆمەتبارێک بە تۆمەتی " خراپ بەکار هینانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان" دەستگیر کرا، کە تەمەنی ٢٨ ساڵە و دانیشتوی شاری دهۆکە، هێمن سلێمان پۆلیسی پارێزگای دهۆک لەمبارەیەوە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" لەناو تەلەفۆنی تۆمەتبارەکە پێنج پەیجی ئینستاگرامی جیاواز هەبوون و هەڕەشەی لە ٢٣٠ ژن و کچ کردووە".

هێمن سلێمان وتیشی" هەندێک لە کچ و ژنەکان وێنە و ڤیدیۆیان بۆ ناردووە و کەوتوونەتە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەو کەسە و بەڵام نەیتوانیوە لەگەڵ هەندێک لەو ژن و کچانە هیچ بکات".

ئەوەشی خستووەتەڕوو" ئەو تۆمەتبارە پێشینەی تاوانیشی هەیە و دوای چەند سکاڵایەک لەسەری، پۆلیس ماوەی دوو مانگ بە شوێنییەوە بووە تا دەستگیری کردووە".

پۆلیسی پارێزگای دهۆک ئاماژەی بەوەشدا ئەو تۆمەتبارە بە پێی مادەی ٢ی یاسای ژمارە شەشی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.



PM:09:43:09/01/2024