شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" لە ئەنجامی زیاتربوونی کاریگەری بارستە ھەوای سارد سبەینێ لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا بە باوە بەفرێکی چڕ دەستپێدەکات"، دەشڵێت" تا کاتەکانی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە بارانی مامناوەند و پچر پچر بەردەوامی دەبێت و لە شەودا کۆتای پێدێت".
ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، بەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ پێشبینیەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند" سبەینێ شەممە لە ئەنجامی زیاتر ھاتنە خوارەوەی نزمەپاڵەپەستۆی باکور کە بارستە ھەوایەکی ساردی لەگەڵدایە وە زیادبوونی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست قۆناغی چڕی شەپۆلی بەفر و بارانبارین لە کاتەکانی بەیانیەوە ناوچەکانمان دەگرێتەوە و بەدرێژای کاتەکان بارانێکی چڕ و زۆر لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و سنوری ئیدارەی راپەرین دەبارێت و لە سەنتەری پارێزگاکانیش بارانێکی مامناوەند لە زۆربەی کاتەکانەدا بەردەوام دەبێت، هەروەها لە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیانیش ھەندێک کات بارانێکی کەم بۆ مامناوەند دەبێت و پلەی گەرماش (یەک تا دوو) پلەی دیکە بەراورد بە ئەمڕۆ نزمدەبنەوە و خێرای با زۆربەی کاتەکان (١٠ - ٢٥)کم دەبێت بە ئاراستەی باشور و باشوری رۆژئاوا".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی زیاتربوونی کاریگەری بارستە ھەوای سارد سبەینێ لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکاندا بە باوە بەفرێکی چڕ دەستپێدەکات و ئەگەر ھەیە بەفر سەنتەری ئامێدی و بامەرنێ و چۆمان بگرێتەوە، لەگەڵ بارینی بەفر و باران بە تێکەڵی لە سەنتەری پێنجوێن و سیدەکان و مێرگەسوور و چیای ئەزمەر.
ئاراس جەبار لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیدا پێشبینیش دەکات کە ئەو قۆناغە بەھێزەی بەفر و بارانبارین لە سبەی بەیانیەوە تا بەرەبەیانی دوو رۆژی یەکشەممە ١٤ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت و بۆ رۆژی یەکشەممەش کاریگەری شەپۆلەکە تا کاتەکانی ئێوارە بە بارانی مامناوەند و پچر پچر بەردەوامی دەبێت و لە شەودا کۆتای پێدێت.