یەمەن کوژرانی پێنج چەکداریان لە هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا ڕاگەیاند

حكومەتی یەمەن لەبارەی هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەمریكا و بەریتانیا بۆسەر حوسییەكان دەڵێت" هێرشەکانی بەبێ وەڵام و سزا تێپەڕ نابێت". 

حكومەتی یەمەن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ هەینی ١٢ی کانوونی دووەم بڵاویکردەوە" ئەمریكا و بەریتانیا لە چوارچێوەی پشتیوانییە بەردەوامەکانیان بۆ تاوانەکانی ئیسرائیل لە غەززە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ (٧٣) جار هێرشیانكردووەتە سەر سەنعای پایتەخت و پارێزگاكانی حودەیدە، تائیز، حەجا و سەعدەن". 

ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی هێرشەکانەوە پێنج كەس لە ئەندامانی هێزە چەکدارەکانیان گیانیان لەدەستداوە و شەش كەسی دیكەش بریندار بوون.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەمریكا و بەریتانیا بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو هێرشانەیان لە ئەستۆدایە، بەڵام ئەم هێرشانەش بێ وەڵام و سزا تێناپەڕن. 

جەختیش دەکاتەوە، بەردەوام دەبن لە كردنە ئامانجی كەشتییە ئیسرائیلییەكان و ڕێگریكردن لەو كەشتییانەی بەرەو بەندەرەكانی فەڵەستین لە ئاوەکانی بەحرێنی عەرەبی و دەریای سوورەوە دەڕۆن.


PM:12:52:12/01/2024