پێشەوا هەورامی: ٦١٨ ملیار دینار بەشی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناكات

وتەبێژی حکومەتی هەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو بڕە پارەیەی (٦١٨ ملیار دینارە) حکومەتی عێراق بڕیاری لێداوە بەشی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناکات و ئێمە داوای ٨٠٠ ملیارمان کردبوو.

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی کوردستان، پێشەوا هەورامی لە لێدوانێکی لەگەڵ میدیای پارتی رایگەیاندووە" ئەو (٦١٨) ملیار دینارەی حكومەتی عێراق بڕیاری لێداوە،  بەشی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناكات، خەرجی مانگانەی حكوومەت زیاتر لە ١٠٠ ملیارە و لەو ٣٢٠ ملیارەی داهاتی ناوخۆ خەرجییەكانی حكوومەت دەكرێت".

پێشەوا هەروامی ئاماژەی بەوەشداوە کە بڕێكی زۆر لەو ٣٢٠ ملیارە بەشێوەی نەقدی نییە بەڵكو رەسیدە". 

"با ئەو ٦١٨ ملیارە بگات و دواتریش دەبێت وەزارەتی دارایی لەگەڵ گەیشتنی پارەكە روونكردنەوە بدات كە چۆن دەتوانن لەگەڵ داهاتی ناوخۆدا مووچەی فەرمانبەران دابین بكەن".( پێشەوا هەورامی وتی).

وتەبێژی حکومەتی هەرێم راشیگەیاند" رەنگە بۆ وەزارەتی دارایی و حكوومەتی هەرێم فشارێكی گەورە دروستبێت بۆ پڕكردنەوەی ئەم نەقسە گەورەیەی كە لە ٦١٨ ملیارەكە هەیە و ئێمە داوای ٨٠٠ ملیارمان كردبوو تا ئەوكاتەی بودجەی عێراق هەموار دەكرێتەوە".



PM:02:08:15/01/2024