دادگای ئێران بڕیارێکی نوێ دژی نێرگز محەمەدی دەردەکات

ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی کانوونی دووەم دادگای کۆماری ئیسلامی ئێران سزای (١٥) مانگی دیکەی زیندانی، بۆ نێرگز محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەرکرد.

بەپێی كەناڵی تەلەگرامی نێرگز محەمەدی كە لەلایەن كەسە نزیكەكانییەوە بەڕێوەدەبرێت، لەلایەن دادگای ئێرانەوە سزای (١٥) مانگی دیکەی زیندانیكردن و دوو ساڵ دورخستنەوە بۆ دەرەوەی تاران، دوو ساڵ قەدەغەی چوونە دەرەوەی وڵات، دوو ساڵ قەدەغەی ئەندابوون لە رێكخراوە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكان و دوو ساڵ قەدەغەی بەكارهێنانی مۆبایلی زیرەك، بەسەر نێرگز محەمەدی چالاکوانی ئێرانی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ سەپێنراوە.

هەروەها بنەماڵەکەی نێرگز محەمەدی ڕایانگەیاندووە کە" نێرگز ئامادە نەبووە لە دانیشتنەکانی دادگا، هەر جۆرە شەرعیەتێکیان بۆ دادگای شۆڕش ڕەتکردەوە کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی بکات".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، نێرگز لەو دۆسیەیەدا "تۆمەتباركراوە بە پڕوپاگەندە لە دژی كۆماری ئیسلامی ئێران لەنێو زیندانەوە". 

دوای دەستگیرکردنی لە مانگی ئازاری ٢٠٢١  پێنجەمین سزای ئەو چالاکوانە تەمەن (٥١) ساڵەیە كە لەسەر چالاكییەكانی لە زیندان لەلایەن دادگاوە بۆی دەردەكرێت.

نێرگز محەمەد چالاکوانێکە و ژیانی خۆی بۆ داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەسەربردووە و چەندین جار لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای بەسەردا سەپێندراوە، بەهۆی هەڵمەتە بێوچانەکانی دژی سزای لە سێدارەدان و زیندانیکردنی تاکە کەسی. 

مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو نێرگز محەمەدی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی" بەهۆی خەباتی دژی چەوساندنەوەی ژنان لە ئێران و خەباتی پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادی بۆ هەمووان" بەدەستهێنا.

لە میانی ئاهەنگەکەدا لە ئۆسلۆ، عەلی کوڕەکەی و خوشکە دووانەکەی کیانا کە لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە لە فەرەنسا دەژین، بە ناوی ئەوەوە خەڵاتەکەیان وەرگرت و ئەو دوو گەنجە ئەو نامەیەیان خوێندەوە کە نێرگز لە ژووری زیندانەکەیەوە بۆی ناردووە. 

نێرگز محەممەدی لە نامە نووسراوەکەیدا بە ناونیشانی (لە پشت دیوارە بەرز و ساردەکانی زیندانەوە) وتی" من ژنێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستم، خەڵکی ناوچەیەک کە هەرچەندە میراتگری شارستانیەتێکی دەوڵەمەندە، بەڵام لە ئێستادا گیرۆدەی شەڕ و نێچیری بڵێسەی تیرۆر و توندڕەوییە". 

نێرگز یەکێک لە ڕووخساری سەرەکی ئەو ناڕەزایەتیانەیە کە لە ژێر دروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕێکخرابوو.


PM:06:41:15/01/2024