"هه‌موو ڕێوشوێنه‌ یاساییه‌كان به‌رامبه‌ر ئێران ده‌گرینه‌به‌ر"

کەمێک پێش ئێستا حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا هەڵوێستی فەرمی ڕاگەیاند و بە توندی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆسەر هەولێری پایتەختی هەرێم ئیدانە دەکات. 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" حکومەتی عێراق بە توندی ئیدانەی دەستدرێژییەکانی ئێران بۆسەر هەولێر دەکات کە شوێنی نیشتەجێبوونیان کردووەتە ئامانج و قوربانی لێکەوتووەتەوە". 

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە" حکومەتی عێڕاق ئەم رەفتارە شەڕەنگێزیانە بە دەستدرێژی بۆسەر سەروەری ئاسایشی گەلی عێراق و بێڕێزیکردن بە بنەماکانی دراوسێیەتی باش و ئاسایشی ناوچەکە هەژماردەکات، سەرجەم رێکارە پێویستییەکان لە بەرامبەردا دەگرینەبەر تا دەگات بە سکاڵا تۆمارکردن لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پێکدەهێنێت و دەستدەکەن بە کۆکردنەوەی سەرجەم بەڵگەکانی ئەم رووداوە و دواتر ئەنجامەکەی بۆ گەلی عێراق و رای گشتی ئاشکرادەکەن و بەرپەرچی ئەو تۆمەتانە دەدەنەوە کە لە پشتی ئەو هێرشانەوەن.


AM:09:58:16/01/2024