"یەکێتی هەڵوێستی خۆی نەگۆڕێت لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر سڵ ناکەینەوە"

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایدەگەیەنێت" کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سنووری پارێزگای دهۆک و رووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پەکەکەی دەرخست"، دەشڵێت" سەرەڕای گەمارۆکانمان لەسەر سلێمانی، یەکێتی هەڵوێستی خۆی لە بابەتی پەکەکە نەگۆڕێت، لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر سڵ ناکەینەوە". 

هاکان فیدان وەزیری دەەرەوەی تورکیا، دوێنێ سێشەممە لە پەرلەمانی تورکیا وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" پەکەکە لە قەندیل، مەتین، شنگال، مەخموور، سلێمانی و کەرکوک چالاکی و بوونی هەیە". 

وتیشی" پەکەکە سوودی لەو بۆشاییە وەرگرتووە کە داعش دوای رۆیشتنی دروستیکرد، هەروەها هەژموونی خۆی گواستووەتەوە بۆ ئەو شوێنانە، پەکەکە کە لەژێر بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش بانگهێشتی کەرکوک کرا، لە شنگالیش لە شوێنی داعش جێگیر بوو، پەکەکە لەکاتێکدا لەو شوێنانە جێگیر بووە کە داعش چۆڵیکردوون، بەڵام دەبینرێت هاوئاهەنگییەکی کەمی لەگەڵ داعش هەیە". 
  
لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا هاکان فیدان رەخنەی لە سیاسەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گرت و وتی" رێگە خۆشکەری یەکێتی بۆ پەکەکە لە سلێمانی بووەتە هۆی ئەوەی رێکخراوەکە لەو ناوچەیەدا بەهێزتر بێت، هەروەها کەمبوونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان وایکردووە زنجیرەیەک پەیوەندی تاکتیکی لە نێوان پەکەکە و بەشێک لە میلیشیا عێراقییەکان دروست بێت". 

دەشڵێت" یەکێتی لە سووریا مەشقی بە چەکدارانی پەکەکە/یەپەگە کردووە و رووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەری (SDG) لە باکووری عێراق و رووداوەکانی فڕۆکەخانەی عەربەتیش پەردەی لەسەر ئەوە لادا، ئەم دۆخە پەیوەندییەکانی یەکێتی و پەکەکەش ئاشکرا دەکات، ئەگەر سەرەڕای گەمارۆکانمان لەسەر سلێمانی، یەکێتی هەڵوێستی خۆی لە بابەتی پەکەکە نەگۆڕێت، لە گرتنەبەری رێکاری زیاتر سڵ ناکەینەوە". 

ڕۆژی ١٥ی ٣ی ساڵی ڕابردوو لە سنووری ناحیەی چەمانکێی پارێزگای دهۆک هەلیکۆپتەرێک کەوتە خوارەوە و دوای ڕووداوەکەش هەسەدە ئاشکرایکرد کە بەهۆی ڕووداوەکەوە (٩)شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە.
 
هەروەها ڕۆژی ١٨ی ئەیلولی ٢٠٢٣ بە درۆن هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی و لە ئەنجامدا ژمارەیەک پێشمەرگە گیانیان لەدەستدا.


AM:11:29:17/01/2024