هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگری دەکەن کە خۆپشاندان دژی ئێران بکرێت

چالاكوانێك ڕایگەیاندووە، "داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان كردووە لە دژی هێرشەكەی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، كەچی مۆڵەتیان پێ نەدراوە و وەڵامیشیان نەدراوەتەوە".

حسێن ئەنوەر، ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی ناوەندی باڵای چەمچەماڵی ئەو ڕێكخراوە بە میدیاکانی نزیک پارتی راگەیاند، "دوێنێ چوارشەممە ١٧ی جانیوەریی ٢٠٢٤، داوای مۆڵه‌تی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی ناڕەزاییمان له‌ قایمقامیەتی چه‌مچه‌ماڵ كردبوو بۆ سەركۆنەكردنی هێرشەكەی ئێران بۆ سه‌ر هه‌ولێر، داوامان كردبوو ئه‌مڕۆ كاتژمێر ١٠:٣٠ خۆپیشاندانه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ین، به‌ڵام تائیستا وه‌ڵاممان نه‌دراوه‌ته‌وه‌، سه‌ردانی قایمقامیەتیشمان كردووه‌ هیچ وه‌ڵامێكیان پێ نه‌داوین".

باسی لەوەشكردووە، كە ڕێگەنەدان بە خۆپیشاندانی مەدەنییانە بۆ پرۆتستۆكردنی تاوانێكی گەورە كە دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە، كارێكی خراپە و دەبوایە ئیدارەی چەمچەماڵ خۆی پشتیوانیی ئەو هەنگاوەی بكردایە، چونكە هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر ئەمڕۆ بۆ سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەولێر چەندان هاوڵاتی لە دهۆک خۆپشاندانیا ئەنجامدا.



PM:11:31:18/01/2024