سبەی لە ١٥ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکی خۆپشاندان دژی هێرشی ئێران ئەنجام دەدرێت

بڕیارە سبەی شەممە لە دژی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەولێر لە ١٥ وڵاتی ئەوروپی و ئەمریکی خۆپشاندان ئەنجام بدرێت.

بڕیارە سبەی شەممە ٢٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی هێرشەکانی ئێران بۆسەر هەولێر، کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی خۆپشاندان لە وڵاتانی (به‌رلین، دۆسلدۆرف، هانۆڤه‌ر، هامبۆڕگ، ڤۆلسبۆڕگ، له‌نده‌ن، ئه‌مسته‌ردام، پاریس، ئۆسلۆ، هیلسیكی، بڕۆكسل، ڤێنا، كۆپنهاگن، واشنتۆن، ستۆكهۆڵم، ئه‌سینا و جنێف) ئەنجام بدەن، و داوا دەکەن وەکو ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی بە ئاڵای پیرۆژی کوردستانەوە بەشداری بکەن.

خۆپشاندانەکان کاتژمێر ١٢ لەم وڵاتانای ئەوروپی و ئەمریکی دەست پێدەکات.

شەوی  دوشەممە ١٥ی کانونی دووەم چەند شوێنێکی سڤیل و مەدەنیی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە لایەن سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە کرانە ئامانج و مووشەکباران کران و لە ئاکامی ئەم هێرشانە  ٤ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا وژمارەیەکیش بە سەختی برینداربوون، و زیانێکی زۆری مادیی بە هاوڵاتییانی نزیک لەو شوێنانە کەوتووە.



AM:09:30:19/01/2024