"چوار بەندكراوی سیاسی كورد مەترسی لە سێدارەدانیان لەسەرە"

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە بە (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) ناسراوە ڕایدەگەیەنێت" چوار بەندکراوی سیاسی کورد مەترسی جددی لە سێدارەدانیان لەسەرە کە پێویستە بەرپرسی دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارەدانی ئەو کەسانە ڕابگرێت". 

ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" بەشێوەی دادگاییکردنی نهێنی زۆر نادادپەروەرانە سزای لە سێدارەدان بۆ پژمان فاتیحی، وەفا ئازەربار، محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی و موحسن مەزلوم دەرچووە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی رێژەی لە سێدارەدانەکان لە ئێران، ئەگەری لە سێدارەدانی ئەو چوار زیندانییەش زۆرە و ژیانیان لەمەترسییەکی گەورەدایە.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەكەیدا ڕاشیگەیاندووە" دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران شوێنی ئەو زیندانییە سیاسیانە و تۆمەتەکانیانی ڕانەگەیاندووە، هەروەها پارێزەرەکانیان لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دۆسیەکەیان بێ بەشكراون". 

ئەوەەشی خستەڕوو، ئەو چوار زیندانییە سیاسییە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانن کە لە مانگی حەوتی ساڵی ٢٠٢٢دا لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ دەستگیرکران و نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا لە دادگایەکدا بە تۆمەتی "موحارەبە و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا.


PM:09:01:19/01/2024