بازرگانی هەولێر: بایکۆتی بەرهەمی ئێرانی بکەن

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" پێویستە بازرگانان بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن". 

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئەمشەو هەینی ١٩ی کانوونی دووەم رایگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە" شەوی ١٥ى ئەم مانگە، لە ئاکامى هێرش و پەلامار و موشەکبارانى زاڵمانەی هێزەکانی ئێران بۆسەر شارى هەولێر کە بەبێ هیچ پاساو و بنەمایەک خەڵكی سڤیل و بێتاوانیان لە شوێنى نیشتەجێبوون کردە ئامانج و بە داخەوە جگە لە شەهیدبوونى پێشڕەو دزەیی کە سەرمایەدارێکی ناودار و دیاری شارەکەمان و ئەندامێکی کارای ژوورەکەمان بوو، ژینەى تەمەن کەمتر لە یەک ساڵەى کچى و کەرەم میخائیل کە بازرگانێکى دیکەى دیارى عێراق بوو شەهیدبوون و چەندین کەسى دیکە بێتاوان و ئەندامانی خانەوادەکەشى بریندار بوون". 

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەو هێرش و پەلامارانەى هێزەکانى ئێران کە چەندین جاری دیکەش بەبێ پاساو و بەبیانووی جۆراوجۆر و بە بێ گوێدانە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانى مافەکانی مرۆڤ کراونەتە سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، مەبەست لێى تەنها شێواندن و تێکدانی ئەو ئاسایش و ئارامییە کە لە هەرێمی  کورستان بەرقەرارە". 

ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر لە بەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەدا داوا لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتییان دەکات کە بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن.


PM:10:10:19/01/2024