ژووری بازرگانی دهۆک لەبارەی بایکۆتی بەرهەمی ئێرانییەوە هەڵوێستی راگەیاند

ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک رایدەگەیەنێت" لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوە بازاری جێگرەوە دەکەین تا بەرهەمی ناوخۆی و وڵاتانی دیکە شوێنی کاڵای ئێرانی پڕبکەنەوە". 

ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند" بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی کاڵای ئێرانی لە بازاڕەکانی دهۆکدا هەن، ئێمە لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆک بە ووردی لێکۆڵینەوە لەسەر بازاڕی جێگرەوە بۆ بازرگانانمان دەکەین، تاوەکو بە بەرهەمە خۆماڵییەکان و بەرهەمی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە پێداویستییەکانی خەڵکی پارێزگای دهۆک و کوردستان پڕبکرێنەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لە پلان و کارەکان ئەوەیە، بەرهەمە خۆماڵییەکان بەپێی ستانداردی جیهانی ببەنە ئاستی بەرهەمی وڵاتان، تاوەکو لە ساڵانی داهاتوودا پشت بە بەرهەمە ناوخۆییەکان ببەستین لە جیاتی بەرهەمەکانی دەرەوە.

شەوی ڕابردووش ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر داوای لە سەرجەم بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هاوڵاتییان کرد کە بایکۆتی هێنان و بەکارهێنانی کاڵاکانى ئێران بکەن و سەرجەم پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران هەڵپەسێرن، بەڵام تائێستا ژووری بازرگانی سلێمانی هیچ هەڵوێستێکی فەرمی لەوبارەیەوە ڕانەگەیاندووە.


PM:02:36:20/01/2024