"لەگەڵ ئەوەداین لە ژێر چەتری یەکێتیدا ئیش و کارەکانمان ڕاپەڕێنین"

سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف ڕایدەگەیەنێت" لەگەڵ ئەوەداین لە ژێر چەتری یەکێتیدا ئیش و کارەکانمان ڕاپەڕێنین، بەڵام هەریەک لە مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا و چەند کەسێکی تر ڕای جیاوازیان هەیە". 

حامیدی حاجی غالی سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف، لە چاوپێکەوتنێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" ئێمە لەم سنورەداین و لە ژێر چەتری یەکێتیداین، من بە بێ یەکێتی ئیش لەو سەنتەرەدا ناکەم، گەر یەکێتی هاوکاری کردین ئیش دەکەم، هاوکاری نەکردین، لێی دەردەچم و ڕادەستی ئەوانی تری دەکەم". 

حامیدی حاجی غالی وتیشی" لەبارەی بوونی سەنتەرەکە لە ژێر چەتری یەکێتیدا، ئەوان ڕایەکی تریان هەیە و ڕاکەیان جیاوازە لە من، سەنتەری ئێل بەگی جاف لە بینایەکی کۆندا بوو، من بینایەکی تازەم بۆ سەنتەرەکە گرتووە کە هەرگیز سەنتەرەکە بینای وای نەبووە، بافڵ تاڵەبانی پاڵپشتی کردین و هەموو کەرەستەی تازەی بۆ بینا تازەکە دابینکرد". 

هەروەها دەشڵێت" بینا کۆنەکە پێشتر نەخۆشخانەی چەمی ڕێزانی تێدابوو، وتم کاک بافڵ ماڵتان ئاوا بێت و بینا کۆنەکە جێدەهێڵین و دەچینە بینا تازەکە، ئەوانیش ڕۆیشتوونەتە بینا کۆنەکە و ٥ خولەکیان پێچووە بۆ ئەوەی سەیری بکەن و دواتر ڕۆیشتوون، ئەو هاتوهاوارەی بڵاوبووەتەوە ڕاست نەبوو". 

جەختیشیکردەوە" بافڵ پێیوتم، 'ئەو سەنتەرە کاتی خۆی باوکم دروستیکردووە، هەموو پاڵپشتییەکتان دەکەم". 

سەبارەت بە هەبوونی کێشەی لەگەڵ مەحمود سەنگاوی و عەدنانی حەمەی مینا لەسەر بەڕێوەبردنی سەنتەرەکە، حامیدی حاجی غالی وتی" کێشەشمان هەبێت باسی ناکەم، بەڵام ڕای جیاوازمان هەبووە". 

دوێنێ یەکشەممە، میدیاکانی هەرێمی کوردستان هەواڵی کۆنترۆڵکردنی سەنتەرەکەیان لەلایەن هێزێکی کۆماندۆی یەکێتی لەشاری سلێمانی بڵاو کردەوە، گوایە هێزەکە لەسەر داوای حامیدی حاجی غالی و بەبڕیاری بافڵ تاڵەبانی سەنتەرەکەیان کۆنترۆڵکردووە.

سەبارەت بەوەی تا چەند تیرەکانی جاف ڕازین بەوەی ئەوان نوێنەرایەتییان بکەن و سەنتەریان بەناوەوە دابمەزرێنن، حامیدی حاجی غالی سەرۆکی سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف دەڵێت" خەڵک لەناو خێزانەکەی خۆشی هەمووی لێی ڕازی نییە، بەڵام تا ئێستا ناڕەزایەتیم نەبیستووە، بە هەموو ستافی سەنتەرەوە چیمان پێکرا بێت کردوومانە و کەموکوڕیشمان هەبووە، هەرکەس ئیش بکات باشە و کەموکوڕیشی هەیە".

سەنتەری ڕۆشنبیری ئێل بەگی جاف لە ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠١ لەلایەن بەشێک لە سەرکردەکانی نێو یەکێتی و کۆمەڵێک کەسایەتییەوە دامەزرێنراوە، ساڵانە لە ناوچەی قەرەداغ ڤیستیڤاڵی کلتوری ئەنجام دەدەن.


AM:09:37:23/01/2024