کەشناسێک: شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکی کەشناسی ئاماژەی بەوەداوە کە ئێوارەی رۆژی ھەینیەوە ٢٦ی مانگ شەپۆلێکی دیکەی مامناوەندی بەفر و بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان ئەگرێتەوە و لە سەنتەری هەندێک ناحیە و قەزا بەفر دەبارێت.

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی رایگەیاند" لە ئەنجامی دابەزینی نزمەپاڵەپەستۆیەکی جەمسەری لەباکوری ئەوروپاوە کە ھەڵگری بارستە ھەوایەکی شێدار و ساردە بۆ سەر ناوچەکانی رۆژھەڵاتی دەریای ناوەراست و تورکیا لە ئێوارەی رۆژی ھەینیەوە ٢٦ی مانگ شەپۆلێکی دیکەی مامناوەندی بەفر و بارانبارین و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان ئەگرێتەوە کاریگەریەکانی بەرەبەیانی رۆژی شەمەزیاتر ئەبێت".

ئاراس جەبار ئەوەشی خستووەتەڕوو " ھەر لەسەرەتای دەستپێکردنی ئەم شەپۆلە بەھۆی کاریگەری بارستە ھەوای ساردەوە لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای دھۆک و ھەولێر و ئیدارەی راپەرین لە بەرزی ١٠٠٠ مەتر و لەناوچە شاخاویەکانی پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ١٢٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بە بەفر بارین دەستپێدەکات و لە سەنتەری پارێزگاکان و ناوچە نزمەکانیش بارانی مامناوەند و ھەندێک کات و ناوچە تەرزە ئەبارێت و ھەورە بروسکە چالاک ئەبێت ".

ئەو کەشناسە جەختی لەوەسکردووەتەوە کە" کاریگەری ئەم شەپۆلە ئێوارەی رۆژی شەمە ٢٧ی مانگ لاواز ئەبێت و تا ئێوارەی رۆژی یەکشەمە بە لاوازی بەردەوامی ئەبێت ، کەش لەو ماوەیەدا بەڕاورد بەماوەی ئێستا زیاتر سارد ئەبێت و پلەکانی گەرما بەجیاوازی ناوچەکان بەرێژەی ٤ تا ٦ پلە نزمدەبێتەوە، خێرای با مامناوەند چالاک ئەبێت".

" لەسەنتەری ئەم قەزاو ناحیانەدا ( بامەڕنێ ، پێنجوێن ، بەرزنجە ، چۆمان ، حاجی ئۆمەران ، سەرسنگ ، مانگێش ، چەمانکێ ، مێرگەسوور ، چوارتا ، گەرمک ) لەماوەی کاریگەری ئەو نزمەپاڵەپەستۆیەدا پلەی گەرمی و کەش گونجاو ئەبێت بۆ بارینی بەفر ، رێژەی بەفر و باران بەگشتی لەناوچە شاخاویەکان مامناوەند بۆ زۆر ئەبێت و لەسەنتەری پارێزگاکان  مامناوەند و لەناوچەکانی سنوری گەرمیان و کەرکوک بەگوێرەی شوێنەکان رێژەی باران کەم بۆ مامناوەند ئەبێت".( ئاراس جەبار وتی). 

ئەو کەشناسە ئاماژەی بەوەشداوە کە شەپۆلی دواتری بەفر و بارانبارین چاوەروان دەکرێت بۆ کۆتای مانگ لە نێوان رێکەوتی ٢٩ بۆ ٣١ی کۆتای مانگ بێت.



PM:08:40:24/01/2024