زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە

زانکۆی سلێمانی بە پشتبەستن بەژمارەی سایتەیشنی توێژینەوەی توێژەران لە گووگڵ سکۆلەردا، لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستھێناوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، زانکۆی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە رانکینی وێبۆمێتریکس، بە پشتبەستن بە ژمارەی سایتەیشنی توێژینەوەی توێژەران لە گوگڵ سکۆلەردا، کە ریزبەندی بۆ زانکۆکانی جیھان دەکات، لەمساڵدا زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەمی لە ئاستی ھەرێمی کوردستان و چوارەمی لەنێو زانکۆکانی عێراق بەدەستھێناوە".

بەگوێرەی ریزبەندییەکەی گوگڵ سکۆلەر زانکۆی بەغداد لە ژمارەی سایتەیشنی توێژینەوەی توێژەراندا یەکەم زانکۆی عێراقە و زانکۆکانی موسڵ و موستەنسەریش پلەکانی دووەم و سێیەمی ھەمان ریزبەندییان بەدەستھێناوە.

لەکۆی ١٥ باشترین زانکۆی عێراقیش کە لە ریزبەندییەکەدا ناویان ھاتووە، دوو زانکۆیان لە ھەرێمی کوردستانن کە ئەوانیش بریتین لە زانکۆی سلێمانی و زانکۆی دھۆک.


PM:10:24:25/01/2024