هۆشیار زێباری: دادگای فیداراڵی دەیەوێت قەوارەی هەرێم لەناو بەرێت

ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی ئەمڕۆ لە نێوان کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێم لە هەولێر جەختی لە گرنگی ئەم کۆنفرانسانە کردەوە و وتی" بەپێی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەری دەکات، یەک لە دوای یەک دژی هەرێمی کوردستانە بڕیارەکان، دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو بەرن".

هوشیار زێباری، ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی لە کۆنفرانسی نوێنەرایەتییەکانی هەرێم رایگەیاند" بەپێی ئەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەری دەکات، یەک لە دوای یەک دژی هەرێمی کوردستانە بڕیارەکان، دەیانەوێت قەوارەی هەرێمی کوردستان لەناو بەرن، من بە مەترسی دەزانم بۆ سەر کوردستان، کە بە سیستەماتیک کاری لەسەر دەکەن".

هۆشیار زێباری وتیشی" ئەو پەیوەندییە دیپلۆماسییەی کە کوردستان هەیەتی، هەندێک وڵات ئەو توانا و هێزەیان نییە کە وڵاتیشن، کێشەیەکمان هەبوو لە دەستوور کە چۆن رێککەوتنی سیاسەتی دەرەوە و لەگەڵ هەرێمیش بکەین، ماددەیەک لە دەستوور هاتووە، دەڵێت(پارێزگاکان کە ١٥ پارێزگایە نوێنەرایەتی هەبێت جگە لە کارمەندانی دیپلۆماسی و ئیداری)، کە ئەمە ئەستەمە جێبەجێ بکرێت، قسەی ئێمە بۆ باڵیۆزخانەکان لە دەرەوە، ئەبوو پەیوەندییان زیاتر بێت و ئاگایان لەیەکتری هەبێت، بەشداربن و ئاگاداربن لە هەموو ئەرک و کاریک".

ئەندامی مەکتەب سیاسی پارتی وتیشی" بەپێی دەستووری عیراق ساڵی ٢٠٠٥، دەڵێت سیاسەتی دەرەوە زیاتر لە دەسەڵاتی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵە، ئەو شەڕە من کردم لە بەغدا کە چۆن نوێنەرایەتی هەرێم و کونسڵخانەکان لەناو هەرێمی کوردستان و دەرەوەشدا زیاد بکەین بەپێی دەستوور، نەک تەنیا بۆ هەولێر بەڵکو بۆ بەسرە و کەربەلا و شوێنەکانی دیکەی عێراقیش، سەرەتا، زۆربەی زۆری کونسوڵخانەکان دامەزران، بەلام ئێستا ژمارەیەکەیان زیادی کردووە".

 

 



PM:12:38:28/01/2024