پەنتاگۆن: لە ئوردن هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانمان ٣ سەرباز کوژران و ٢٥ بریندارن

لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو بۆسەر بنکەیەک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی ئوردن سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و ٢٥ سەربازی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی بەرگری ئه‌مریكا (پنتاگۆن)، کەمێک پێش ئێستا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" ئەمڕۆ یەکشەممە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوردن نزیک سنووری سووریا، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر بنکەیەکمان". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی هێرشەکەوە سێ سەربازیان کوژراون و (٢٥)ی دیکەش بریندار بوون. 

ئوردن رایگەیاند ئەو شوێنەی هێرشکراوەتە سەری لە خاکی ئوردندا نییە.

بایدن سەرۆکی ئەمەریکا بەپەلە هاتە سەرخەت و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە میلیشیا شیعەکانی عێراق و سوریا دەکات.

لە شەڕی فەلەستینەوە لە ٧ تشرینی یەکەمەوە ئەمە یەکەمجارە گورزی لەو شێوەیە لە ئەمەریکا بدرێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت ئەمەریکا زۆر بەقورسی وەڵام بداتەوە.


PM:07:55:28/01/2024