یاساناسێک لەسەر سزادانی مامۆستایانی نارازی ڕوونکردنەوە دەدات

حاکم شێخ لەتیف ڕایدەگەیەنێت" نه‌چونی مامۆستایان بۆ هۆڵه‌كانی خوێندن حاڵه‌تێكی تاكه‌ كه‌سی یان چه‌ند كه‌سی نیه‌ تا باسی سه‌پاندنی رێكاره‌ كارگێڕیه‌كانیان له‌گه‌ڵدا بكرێت". 

حاکم شێخ لەتیف یاساناس و داوەر، لە وتارێکیدا بە ناونیشانی (ڕونکردنەوەیەک لەسەر بەغایبدانی مامۆستایانی نارازی) کە لە بەشی بیروڕای ماڵپەڕی (سپی) بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاندووە" پێشەکی دەمەوێ ئەوە رونبکەمەوە کە ئەمە پەیوەندی بە لایەنگیری بایکۆت یان دەوام کردنەوەی مامۆستایانەوە نیە، پێم وایە هەموومان لە پێشەوە مامۆستایانی مانگرتوو، خوازیارین بە زووترین کات دەوامی قوتابخانەو خوێندگەکان دەست پێ بکاتەوە و منداڵانی کوردستان لەم ساڵی خویندنە بێ بەش نەبن، بەلکو رەئیەکی یاسایی مجەڕەدە لە ڕوانگەی تیڕوانینی یاسایی بەندەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دیارە هەموو فەرمانبەرێک لەناویاندا مامۆستا مافیان هەیە و ئەرکیشیان لەسەر شانە، مافی مامۆستایان و گشت فەرمانبەرانیش پێدانی تەواوی مووچە و شایستە داراییەکانیانە بەرامبەر دەوامی تەواوی ئەوان، واتە پابەندیەکە دولایەنە لایەنی یەکەم کە حکومەتە دەبێت پابەند بێت مووچە و شایستەی دارایی تەواوی مامۆستا و فەرمانبەر لە کاتی خۆیدا بدات، لە بەرامبەردا لایەنی دووەم کە مامۆستایان و گشت فەرمانبەرانن دەبێ دەوامی تەواوی خۆیان بکەن، کاتێک کە لایەنی یەکەم هەڵناستێت بە پێدانی مافی تەواوی لایەنی دووەم، لایەنی دوەمیش پابەندی دەوامی تەواوی نامێنێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو مافەش واتە مافی ناڕەزایی جا لە شێوەی خۆپیشاندان بێت یان بایکۆت و مانگرتن  مافێکی بنەرەتی مرۆڤە و لە جاڕنامە و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤدا کە عیراق پابەندی خۆی دەربڕیوە پێیانەوە، هەروەها لە دەستوری عێراق و یاساکانی هەرێمیشدا دانی پێدانراوە و پاریزراوە و سزادانی هەر کەسێک لەسەر دەربڕینی فشار و هەلوێستی نارەزای بەشێوەی مەدەنی بۆ بەدەست هێنانی ماف یان لابردنی پێشێلکاری و غەدر لەسەری، پێشێلکردنی دەستوری عیراق و یاسا بەرکارەکانە.


PM:08:27:28/01/2024