"چوار بەندكراوی سیاسی كورد مەترسی سزای لە سێدارەدانیان لەسەرە"

ڕێکخراوی هەنگاو ڕایدەگەیەنێت" چوار بەندكراوی سیاسی كورد ئەگەری هەیە لە چەند سەعاتی داهاتوودا هەر چواریان لە سێدارە بدرێن". 

رێكخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە، چوار بەندکراوی سیاسی کورد  بە ناوەکانی پێژمان فاتیحی، موحسین مەزڵوم، محەمەد فەرامەرزی و وەفا ئازەربار کە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە، لە بەندیخانەی ئێڤین لە شاری تاران بۆ دواجار چاویان بە خانەوادەكانیان كەوتووە". 

رێكخراوی هەنگاو دەشڵێت" ئەمە یەکەمجارە کە خانەوادەی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە دوای (١٩) مانگ لە دەستگیرکردنیان توانیان چاوپێکەوتنیان هەبێت و لەم ماوەیەدا لە مافی هەبونی پارێزەر و چاوپێکەوتن و تەنانەت پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادەکانیان بێبەش بوون و لە ماوەی رابردووشدا سزای لە سێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە سیاسییە کوردە لەلایەن دیوانی باڵاوە پەسەندکراوە و داوای پێداچوونەوە بە سزاکەیاندا ڕەتکراوەتەوە و ئەگەری هەیە لە چەند کاتژمێری داهاتودا ئەم چوار بەندکراوە لە سێدارە بدرێن". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو چوار بەندكراوە سیاسییە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانن کە لە مانگی حەوتی ساڵی ٢٠٢٢ لە یەکێک لە گوندەکانی شاری ورمێ دەستگیرکران و نزیکەی دوو مانگ پێش ئێستا لە دادگایەکدا بە تۆمەتی "موحارەبە و سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە.

محەممەد فەرامەرزی تەمەن (٢٨) ساڵ خەڵکی دێولانی پارێزگای کوردستان و موحسین مەزلوم تەمەن (٢٧) ساڵ خەڵکی مەهاباد و وەفا ئازەربار تەمەن (٢٦) ساڵ خەڵکی بوکان و پژمان فاتیحی تەمەن (٢٨) ساڵ خەڵکی کامیارانە.


PM:10:11:28/01/2024