"هاوڵاتیه‌كی به‌ساڵاچوو له‌ كاتی چوونی بۆ مزگه‌وت كوژرا"

پۆلیسی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت" هاوڵاتییەك لە كاتی چوونی بۆ مزگەوت، تەقەی لێكرا و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستداوە". 

مقەدەم بەرزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە، ئەمشەو یەکشەممە لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی بۆ ماڵپەڕی (سپی) نێردراوە، تێیدا هاتووە" ئێوارەی ئەمڕۆ هاوڵاتی عەلی ئەوڕەحمان قادر تەمەن (٨٥) ساڵ كە خانەنشینە و دانیشتووی گەڕەكی گوڵانی پارێزگای هەڵەبجەیە لە كاتی چوونی بۆ نوێژی عیشا لە بەردەم مزگەوتی گوڵان لەلایەن چەكدارێكەوە تەقەی لێكرا و برینداركراوە". 

هەر لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە" دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەڵەبجە بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا و دۆسیەی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە لە بنكەی پۆلیسی هەڵەبجە رێكخراوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا تیمی هاوبەشی پۆلیس و ئاسایش لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەكەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەری ئەو ڕووداوە. 


PM:11:01:28/01/2024