شەپۆلێكی دیكەی بەفر و سەرما ڕوو لە هەرێم دەکات

شارەزایەکی بواری کەشوهەوا ڕایدەگەیەنێت" ڕۆژی هەینی شەپۆلێكی دیكەی بەفر و سەرما ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە و لەناو شاری سلێمانیش ئەگەری بەفربارین هەیە". 

ئاراس جەبار شارەزای كەشناسی، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دەرئەنجامی بەردەوامی مانەوەی بارستە ھەوای ساردی باکوور لەسەر ناوچەکانی دەریای ناوەراست شەپۆلەکانی بەفر و بارانبارین لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست درێژە دەکێشت بۆ ناوەڕاستی ھەفتەی ئایندە و لە ڕۆژی پێنج شەممەوە ١ی شوباتی ٢٠٢٤ شەپۆلێکی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما و بەفربارین ناوچەکانی باشوری سوریا و ئەردەن و باکووری سعودیە و باشوری ڕۆژئاوای عێراق دەگرێتەوە کە لەبەرزایەکاندا پێشبینی بارینی بەفر دەکرێت". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو شەپۆلە ڕۆژی ھەینی ٢ی شووباتی ٢٠٢٤ بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق و ھەرێمی کوردستان درێژدەبێتەوە، بە تایبەت کاریگەری لەسەر سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانیە بەراورد بە ناوچەکانی دیکە ڕێژەی دابارینی باران و بەفری زیاتر دەبێت.

ئاراس جەبار پێشبینیش دەکات، لە سەرجەم ناوچە شاخاوییەکانی سنورەکەدا پێشبینی بەفربارین دەکرێت و لە سەنتەری شاری سلێمانیش بەھەمان شێوە لە ڕۆژی ھەینیدا پلەی گەرمی گونجاوە و ئەگەری بارینی بەفر دەبێت لەگەڵ بەردەوامی چالاکی ئاراستە بای باکوور و باکووری ڕۆژھەڵات. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژی شەممەوە ٣ی شوبات کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیە لەسەر ناوچەکان ڕوو لە لاوازبوون دەکات، بەڵام ناوبەناو باران و بەفر بەڕێژەی کەم بۆ مامناوەند تا ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو بەردەوامی دەبێت و پلەکانی گەرماش لە ڕۆژی شەممەوە بەرزبوونەوەیەکی کەم بەخۆیەوە دەبینێت.


AM:12:01:30/01/2024