"هەر فەرمانێک لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا نەبێت کاری پێ ناکرێت"

عەبدوڵای حاجی مەحمود رایدەگەیەنێت" ئەو بڕیارەی کە لە حزبی سۆسیاڵ دیموکرات دراوە بۆ دەرکردنی چەند ئەندامێک و پلە بەرزکردنەوەی چەند ئەندامێک لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا کاری پێناکرێت". 

عەبدوڵا حاجی مەحمود جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، دەڵێت" ماوەیەکە هەندێک فەرمانی لابەلا و ناپەیڕەوی دەردەچێت کە دورە لە بنەماکانی کاری ڕێکخراوەیی". 

دەشڵێت" ئەو فەرمانانەی کە هەندێک لە هەڤاڵانمانی پێ لادراوە و هەندێکیش پلەیان پێ دراوە، نەکەس نیگەران ببێ و نەکەسیش دڵخۆش ببێ،
چونکە سەرجەمیان پوچەڵە (باطل)ە، هەر فەرمانێک لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی حزبدا نەبێت کاری پێ ناکرێت، بۆیە سەرنجی سەرجەم هەڤاڵان ڕادەکێشین کە ووشیارانە مامەڵە بکەن". 

دوێنێ ماڵپەڕی (سپی) لە هەواڵێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، لە گەڕەکی قرگەی پارێزگای سلێمانی یانەی بەختیاری کە سەر پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستانە بە نیازبوون دەستەی بەڕێوەبردنی تازە هەڵبژێرن، بەڵام بەهۆی کێشەی ناوخۆی ئەو حزبە ڕووداوێکی تەقەکردن ڕوویدا و دەستەی بەڕێوەبردنی تازەش بۆ یانەکە دیارینەکرا.


AM:09:49:30/01/2024