دژی لە سێدارەدانی چوار بەندكراوی سیاسی كورد
بەشێک لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنیان ڕاگەیاند

دژی لە سێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مانگرتنی گشتی لە رۆژهەڵاتی  كوردستان دەستیپێکرد و كاسبكاران دوكان و بازاڕەكانیان داخست. 

دوای ئەوەی بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە سزای لە سێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسی کورد بە ناوەکانی (موحسین مەزڵووم، محەمەد فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی)، لە لایەن دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە جێبەجێکرا، ئەمڕۆ لە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی ئەو بڕیارە مانگرتنی گشتی ڕاگەیەندرا و هاوڵاتییان و کاسبکاران تەواوی دوکان و بازاڕەکانیان داخستووە. 

دوێنێ حزبە رۆژهەڵاتییەکانی کوردستان داوایان لە هاوڵاتیانی شارەکانی رۆژهەلآت کرد، بەرامبەر لە سێدارەدانی ئەو چوار گەنجە کوردە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، دەست بە مانگرتن بکەن.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ئەو چوار بەندکراوە سیاسییەی کورد دوای زیاتر لە (١٩) مانگ لە دەستگیرکردنیان توانیان بۆ دوایین جار چاویان بە کەسوکاریان بکەوێت کە لەو ماوەیەدا لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن و تەنانەت پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ خانەوادەکانیان بێبەشکرابوون. 

هەروەها کاتژمێر (٥:٠٠)ی بەرەبەیانی دوێنێ لە گرتووخانەی قزڵحەساری شاری كەرەج، سزاكەیان بەسەردا جێبەجێكرا.


AM:10:36:30/01/2024