لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر دوو درۆن خرانە خوارەوە.. دژەتیرۆر: راست نییە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دوو درۆن خرانە خوارەوە، دژە تیرۆری کوردستان لە راگەیاندنێکدا ئەو هەواڵەیان رەتکردەوەو رایانگەیاند" دوور لە راستیەوە". 

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە میدیاکانی نزیک لە پارتی و لە نێوانیاندا " رووداو" بڵاویانکردەوە" کاتژمێر (٤:٠٠) بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو خراونەتە خوارەوە".

تا ئێستا دەزگا ئەمنیەکانی هەرێم هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیان دەربارە ئەو ڕووداوە بڵاونەکردووتەوە. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو حزبوڵای عێراقی کە گروپێکی میلیشیایی سەر بە عێراقن ڕایانگەیاند" هێرش ناکە سەر هێزەکانی ئەمریکا هەتا ئەگەر لێشمان بەن". 

بەپێی ئامارێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، لە ماوەی نزیکەی سێ مانگدا نزیکەی (١٦٥) جار هێرشکراوەتە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سوریا.

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند" ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، لە ژمارەیەک میدیا و کەناڵی ناوخۆیی کە زۆر تامەزرۆی بەئامانجگرتنی هەولێرن، بەبێ پشتڕاستکردنەوەو بەدواداچوونی میدیایی، هەواڵێکیان بڵاو کردووەتەوە گوایە ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".

هەروەها هاتووە" لای خۆمانەوە ڕایدەگەیەنین، ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر".




PM:12:51:31/01/2024