پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق جەختی کردەوە کە ئەمریكا سزای بانكەكانی عێراقی نەداوە و دەشڵێت" تەنها یەك بانك سزادراوە" و جەختیشدەكاتەوە، پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی لە ماوەی ئەمساڵدا تەواو دەبێت.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە" دەنگۆی سزادانی ژمارەیەك بانكی عێراقی لەلایەن گەنجینەی ئەمریكاوە ڕەتدەکەینەوە، جگە لە بانکی (هودا) و سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری".
ڕاشیگەیاندووە" بانكی ناوەندی ڕێگری لە ژمارەیەک بانک و کۆمپانیا کرد، کە دۆلار بەدەستبهێنن بەهۆی پابەندنەبوونیان بە مەرجەکانەوە، بۆیە بانکەکان دەتوانن هەڵوێست و پابەندبوونەکانیان ڕاست بکەنەوە، کە پێویستە بۆ چوونە ناو مامەڵە دەرەکیەکانیان".
ئاشكراشی كرد، پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی لە ماوەی ئەمساڵدا تەواو دەبێت.
" بانکی ناوەندی پێداچوونەوەی بەردەوامی هەیە، ئەو بانکانەی ستانداردەکان جێبەجێ دەکەن ڕێگەیان پێدەدرێت دۆلار بەدەستبهێنن و لە ئێستاشدا گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی ڕێکخستنی گواستنەوەی دەرەکی بۆ بانکەکان".( عەلی عەلاق وتی).
عەلاق جەختیشی كردەوە، ئەو بانکانەی بڕیاریان بەرامبەر دەردەچێت تەنها ڕێگرییان لێدەکەن لە بەدەستهێنانی دۆلار و دەتوانن کارە ئاساییەکانیان ئەنجام بدەن.
پارێزگاری بانکی ناوەندی ڕوونیشی كردۆتەوە" گەنجینەی ئەمریکا ستایشی بڕگەکانی بانکی ناوەندی دەکات بۆ بانکەکان، کە مەرج و ستانداردەکانی گواستنەوەی دەرەکی و کردنەوەی ئەژمێری لە بانکە بیانییە باوەڕپێکراوەکانی نێودەوڵەتی لەخۆگرتبوو".