لە ئێران سزای لە سێدارەدانی ژنێک جێبەجێکرا

سزای سێدارەی ژنێکی خەڵکی سەبزەوار لە بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە جێبەجێکرا.

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی ژنێکی بەندکراو بە ناوی (زارا نەزەریان) لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سەبزەوار سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی جێبەجێکرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، زارا نەزەریان خەڵکی سەبزەوار، چوار ساڵ پێش ئێستا بە "تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی خوشکی هاوژینەکەی" دەستگیرکرابوو و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنرابوو.

بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی (٢٢) ژنی بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێکرابوو.


PM:06:08:01/02/2024