کەناڵی گەورەی میدیای ئەمەریک سی بی ئێس، راگەیاند" پەسەندکردنی پلانەکانی ئەمریکا بۆ هێرشی ئاسمانی کە چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت لە عێراق و سوریا، چەند ئامانجێک لەوانە؛ کەسایەتی و دامەزراوە ئێرانییەکان دەکاتە ئامانج".
ئەمڕۆ ١ی شوبات میدیای ئەمەریکی سەرقاڵی ئاشکراکردنی ئەو جێگا و دامەزراوەو کەسایەتیییە عێراقی و ئێرانییەن کە دەکرێنە ئامانجی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەی ئەمەریکا.
فەرماندەی خانەنشینکراوی ئەمریکا ژەنەڕاڵ ئەبرامز بەو میدیانەی راگەیاندووە " یەکێک لەو ئامانجانە کەشتیە هەواڵگریەکەی ئێرانە لە دەریای سوور و ئەگەری زۆری هەیە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی ئەمریکادا بکرێتە ئامانج.”
ئەوە لە کاتێکدایە عێراقییەکانیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە پۆستەکانیان تەمەنا بۆ ئارامی و ئاشتی و پاراستنی عێراق دەکەن.
ئەمڕۆ ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، ئاشکرایکرد کە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسیدارە.
هەروەها وتیشی " تۆڵەکردنەوەی ئەمەریکا لە چەند ئاستێکدا دەبێت و ماوەیەکیش دەخایەنێت".
ئێرانیش لەلای خۆیەوە لەزاری بەرپرسە سەربازییەکانیەوە کەوتە هەڕەشە لەو وڵاتانەی ناوچەکە کە هاوپەیمان و دۆستی ئەمەریکا و بنکەی سەربازی ئەو وڵاتەیان گرتۆتەوە خۆیان.
هەموو چاودێران لەسەر ئەوە کۆکن کە لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ناوچەکە دەبێتە مەیدانی جەنگێکی راستەقینەی ئەمەریکا دژی ئێران و هاوپەیمانەکانی.