فراکسیۆنی یەکێتی: راگەیاندنەکەی نەوەی نوێ موزایدەو چەواشەکارییە

لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمەوە، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەڵامی نەوەی نوێ دەداتەوەو تۆمەتباریان دەکات بە" موزایدەچی و چەواشەکار". 

وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت" ئەو هەواڵەی کە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بڵاویکردووەتەوە گوایە "ئیمزا کۆکراوەتەوە بۆئەوەی مووچە راستەوخۆ لە حکومەتی ئیتحادییەوە بدرێ بە مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام فراکسیۆنی یەکێتی ئیمزای نەکردووە"، موزایدە و چەواشەکارییە، هەر لایەنێکیش بیەوێت لەکەناڵەکانەوە هەوڵبدات بەمەرامی دەستکەوتی سیاسی، ئیستغلالی دۆخی نالەباری خەڵکی کوردستان بکات و موزایدەی سیاسی و چەواشەکاری بکات، داماڵراوە لە هەموو بەها و ئاکارە سیاسیەکان و ئیتیکی میدیایی".

سۆزان مەنسور وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا هاتووە: "فراکسیۆنی نەوەی نوێ و کەناڵی ئاسمانی نەوەی نوێ  (nrt) هەواڵێکیان بڵاوکردۆتەوە گوایە فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئیمزای کۆکردۆتەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ ئەوەی مووچە راستەوخۆ لە حکومەتی ئیتحادییەوە بدرێ بە مووچەخۆرانی هەرێم و ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی ئیمزایان نەکردوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی دەشڵێت " بۆ رای گشتی کوردستانی رووندەکەینەوە کە لەمانگی (١٠)ـی ساڵی رابوردوو، لە سۆنگەی گرنگیدانمان بەکاری پێکەوەیی و یەکڕیزیی و چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کێشەی مووچە، لەگەڵ فراکسیۆنی یەکگرتوو و کۆمەڵ و نەوەی نوێ ئیمزامان کۆکردەوە، تا داوا لە سەرۆک وەزیرانی عیراق بکەین مووچە لەململانێ سیاسیەکان دەربهێنرێت و راستەوخۆ دابەش بکرێ، بەڵام دواتر فراکسیۆنی نەوەی نوێ کڵێشەی یاداشتەکەیان گۆڕی بە بەکڵێشەی نەوەی نوێ و بەکاریان هێنا بۆ موزایدەی سیاسی و سەرۆکی نەوەی نوێ فرسەتی هێنا و بردی بۆ سەرۆک وەزیران"، 

سۆزان مەنسور دەشڵێت: "لەئێستادا دیسان ئیمزا کۆکردنەوەی نەوەی نوێ بۆ هەمان مەبەست هیچ گرنگیەکی نییە و تەنها بۆ موزایدەی سیاسییە، چونکە سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیتحادی پێشتر وەڵامی یاداشتە هاوبەشەکەی فراکسیۆنە کوردستانیەکانی داوەتەوەو پەسەندی کردوە".

ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە هەر فراکسیۆن و حزب و پەرلەمانتار و کەناڵێک لەناو هۆڵی پەرلەمان هیچی پێنەکرێت و بێتە دەرەوە لەکەناڵەکانەوە هەوڵبدات بەمەرامی دەستکەوتی سیاسی، ئیستغلالی دۆخی نالەباری خەڵکی کوردستان بکات و موزایدەی سیاسی و چەواشەکاری بکات، داماڵراوە لە هەموو بەها و ئاکارە سیاسیەکان و ئیتیکی میدیایی".

دەقی راگەیاندنەکەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەم لینکەوە ببینە کە دوێنێ " سپی " بڵاویکردەوە..



PM:06:50:02/02/2024