کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دوو شەممەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تەنها کورد و نوێنەری بابلییەکان کە ژمارەیان ٨ ئەندام بوو بەشداریان کرد، هەرچی تورکمان و عەرەبە کە ژمارەیان ٨ ئەندامە ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوون و کۆبوونەوەکە دواخرا.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا، رێبوار تەها سەرۆکی هاوپەیمانی ( کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) رایگەیاند "بەهۆی بایکۆتکردنی ئەندامانی فراکسیۆنە عەرەب و تورکمانەکان و یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنەکە نەتوانرا رێژەی یاسایی ئەندامانی ئامادەبوو تەواوبکرێت و بەو هۆیەشەوە دانیشتنەکە دواخرا".
سەرۆکی فراکسیۆنی کەرکوک هێزە ئیرادەمانە جەختی کردەوە کە هیچ رێگە چارەیەکی دیکەیان نییە جگە لە رێککەوتن نەبێت".
کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا دوو کاتژمێری خایاند، بەڵام نوێنەرانی تورکمانەکان و عەرەبەکان ئامادە نەبوون و بەمەش دواخرا.
هەرچی عەرەب و تورکمانە داوا دەکەن کە سەرۆکی ئەنجومەن و پارێزگار دابەشبکرێت و دواتر ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت.
لەلایەکی ترەوە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ ئەنجامدرا و عەبدولقادر دەخیل وەک پارێزگاری نوێی نەینەوا هەڵبژێردرا و هەروەها ئەنجومەنەکە د. ئەحمەد حاسودی وەک سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژارد.
هەرچی لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالەیە کۆبوونەوە سازکرا، بەڵام بەهۆی نەهێنانی دەنگی پێویست لەلایەن هیچ کام لە کاندیدەکانەوە و نەگەیشتنە رێککەوتنێک و کۆبونەوەکە بە کراوەیی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا.