کێربی:لەسەر لێدوانێکم بە قووڵی داوای لێبوردن لە عێراق دەکەم

وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا داوای لێبووردن دەکات کە وتبووی، پێشتر عێراقمان لە هێرشەکانمان ئاگادارکردووەتەوە

جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کە بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو دوای ئەو قسەیەی کە وتبوی عێراقمان ئاگادار کردووەتەوە لە هێرشەکانمان، رایگەیاند" بە قووڵی داوای لێبووردن دەکەم و لێی پەشیمانم ئەگەر هەر ناڕوونییەکی دروستکردبێت. لێدوانەکەم لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە بووە هەمان بوون و پێم درابوون".

کێربی وتیشێ" هیچ مەبەستێکی خراپم لەو کارە نەبووە، من بەرپرسیارێتییەکە بە جدی هەڵدەگرم و بە قووڵی پەشیمانم لەو هەڵەیەی کە کردوومە."

رۆژی دووشەممە ڤێدانت پاتێڵ، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر٨٥ ئامانجی لە ٧ شوێن لە عێراق و سووریا رایگەیاند" عێراق وەکو هەموو وڵاتانی دیکە لەوە تێگەیشتبوو، کە دوای کوژرانی سەربازەکانمان، وەڵاممان بۆ هێرشەکان دەبێت. سەبارەت بە هێرشەکەی رۆژی هەینی، هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە نەدرابوو، ئێمە دەستبەجێ دوای هێرشەکە عێراقییەکانمان لە هێرشەکە ئاگادار کردەوە."




 



PM:10:13:06/02/2024